ڕوسیا دوو هەنگاوی بۆ نزیكبوونەوە لە ئۆكرانیا ناوە كە هەردوولایەنی سیاسی و سەربازی لەخۆدەگرێت، وەك ئەوەی گەورە وتووێژكارێكی ڕوسی دەیڵێت، ئۆكرانیاش چەند پێشنیارێكی نوسراویان پێشكەشكردووە.
ڤلادیمێر میدینسكی، گەورەی وتووێژكارانی ڕوسیا لە وتووێژەكان لەگەڵ ئۆكرانیا لە كۆتایی گەڕی یەكەمی گفتوگۆكانی ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، لەڕووی سیاسییەوە ئەگەری دیدار لەنێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی-ی هاوتا ئۆكرانییەكەی هەیە، نەك پاش گەیشتنە ڕێككەوتن لەنێوان هەردوو وڵات بەتەواوی وردەكارییەوە، بەڵكو هاوكات لەگەڵ ئامادەكردنی ڕەشنوسەكەی لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات.
هەرچی سەبارەت بە لایەنی سەربازییە ئەلێكسەندەر فۆمین، ئەندامێكی دیكەی شاندەكەی ڕوسیا و جێگری وەزیری بەرگری بڕیاری وەزارەتەكەی بە كەمكردنەوەی چالاكییە سەربازییەكان “بەشێوەیەكی بنەڕەتی” لەهەردوو میحوەری كیێڤ و چیرنیگۆف (باكووری ئۆكرانیا) ئاشكراكرد بەمەبەستی هاندانی متمانەی نێوان هەردوولا و ئامادەسازی و فەراهەمكردنی دۆخی گونجاو بۆ درێژەدان بە دانوستان و گەیشتنە ڕێككەوتن.
هەروەك میدینسكی ئاشكرایكرد، ژمارەیەك پێشنیاری نوسراویان لە شاندی ئۆكرانی لەمیانەی گفتوگۆكاندا پێگەیشتووە كە چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت، لەوانە:
1- ڕاگەیاندنی ئۆكرانیا وەك وڵاتێكی بێلایەن و نائەتۆمی و لە دەرەوەی هەر هاوپەیمانێتییەك بەشێوەی بنەڕەتی بەپێی زامنی یاسایی و نێودەوڵەتی.
2- زامنی ئەمنی بەسەر خاكی نیمچە دوورگەی قرم و دۆنباس-دا جێبەجێ ناكرێت، واتا ئۆكرانیا واز لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەهێنێت بە هۆكاری سەربازی.
3- ئۆكرانیا چوونەپاڵ هاوپەیمانییە سەربازییەكان ڕەتدەكاتەوە، لەگەڵ ڕەتكردنەوەی بنكە و یەكەی سەربازیی بیانی و میوانداریكردنی ڕاهێنانی سەربازی بەبێ ڕەزامەندی وڵاتانی زامنی ڕێككەوتنەكە، لەنێوانیاندا ڕوسیا.
4- ڕوسیا لاری نییە لە چوونی ئۆكرانیا بۆناو یەكێتیی ئەوروپا.
5- ئۆكرانیا داوای داڕشتەی كۆتایی بڕیارەكە دەكات لە كۆبوونەوەیەكدا لەنێوان سەرۆكی هەردوو وڵات.
گەورەی وتووێژكارانی ڕوسیا پێشنیارەكانی ئۆكرانیای بە “هەنگاوێكی بونیادنەرانە بەرەو چارەسەرێكی مامناوەند” ناوبرد و ئاشكرایكرد، ڕوسیا تاوتوێیان دەكات.