دەزگای لوتکە، رایگەیاند،”هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەریتانیا رێککەوتن لەسەر ئەوەی بە زووترین کات ئەو پەناخوازانە دیپۆرت بکرێنەوە کە مافی مانەوەیان لە بەریتانیادا نییە”.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، رایگەیاند، “ئێوارەی دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و کییر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رێککەوتنیان لەسەر چەندین بابەت کرد کە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان بوو”.
دەشڵێت، “لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، بەهێزکردنی ئاسایشی سنوور بەشێوەیەک کە بەریتانیا هاوکاربێت لە دەرکردنی یاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو باندانەی کە قاچاخی بە مرۆڤەوە دەکەن، حکومەتی عێراقیش دەیەوێت دوای دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان تێکەڵی کۆمەڵگەیان بکاتەوە و ئاسایی وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات “.
دەزگای لوتکە دەڵێت، “هەردوو سەرۆک وەزیران دەڵێن، پابەندن هاوکاریی بواری کۆچبەریی نێوان عێراق و بەریتانیا بەهێزبکەن، کە گرنگییەکی قووڵی ستراتیژیی هەیە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی کۆچی ناڕێکخراودا”.
ئەوەش دەڵێت، “لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەیاندا هەردوو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە، رێککەوتوون بە زووترین کات ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت بکرێنەوە، کە مافی مانەوەیان لە بەریتانیادا نییە”.