‏”ڕوسیا شکستیهێنا”‏
ئەمریكا وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ناردە ئۆكرانیا

لەدوای گەیشتنیان بە کیێڤ بەڕێگای وشکانی، هەریەکە لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پەیامی وڵاتەکەیان گەیاندە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی و جەختیان لە بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا کردەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی دوای دیداریان لەگەڵ زیلینسکی، ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا دیپلۆماتە ئەمریکییەکان دەگەڕێنەوە بە ئۆکرانیا.

باسی لە پاڵپشتیی دارایی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە کرد و وتی، ئەمریکا ملیۆنان دۆلاری پیشکەش بە ئۆکرانیا و وڵاتانی دەوروبەری کردووە بەشێوەی هاوکاریی مرۆیی.

بلینکن ڕایگەیاند، “ڕوسیا شکستیهێناوە لە کۆنترۆڵکردنی ئۆکرانیا، ڕوسیا گرەنتیی دابەشبوونی ناتۆی کردبوو، بەڵام شکستیهێنا، ئێستا سوپایەکی بێهیوا و ئابورییەکی تێکچوو بەهۆی سزاکانەوە دەبینین”.

لەلایەکی دیکەوە لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەختیکردەوە، دەکرێت ئۆکرانیا جەنگ بباتەوە ئەگەر کەرەستەی پێویستی لەبەردەستدابێت، ڕوسیا ئێستا بەشێکی زۆر لە تواناکانی لەماوەی جەنگدا لەدەستداوە.

ئۆستن دڵنیاییدا هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەناو ئۆکرانیا نییە، بەڵام بەردەوامدەبن لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا، “جەختمانکردەوە لە ئۆکرانییەکان کە نابێت چەک بکەوێتە دەستی کەسانی هەڵە”.

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا دیدارێکیان لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەنجامدا، ئەوە یەکەم سەردانی فەرمیی دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکایە بۆ کیێڤ لەدوای دەستپێکردنی شەر لەو وڵاتە.

سەبارەت بە گەڕاندنەوەی دیپلۆماتەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە جۆ بایدن بەشێوەیەکی فەرمی بریدجیت برینک باڵیۆزی ئێستای ئەمریکا لە سلۆڤاکیا وەک باڵیۆزی نوێی واشنتۆن لە کیێڤ دەستنیشان دەکات.

بابەتی پێشتر

تای خوێنبەربوون لە عێراق بە خێراییەکی مەترسیدار بڵاودەبێتەوە

بابەتی دواتر

کەشناسی: تاوەباران و تەرزە دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان بەرزبووەوە یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەسەروو 105 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ…
Total
0
Share