تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی كۆتایی پێنەهێناوە، لەكاتێكدا پێشتر هەر خۆی ڕایگەیاندبوو، پێش نەورۆز كۆتایی بە مووچەی مانگی دوو دەهێنن، ناردنی 200 ملیار دینارەكەش نەبووە هۆی كۆتاییهێنان بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو.
پێش جەژنی نەورۆز، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە جارێك دووپاتیكردەوە، پێش جەژنەكە مووچەی مانگی دووی تەواوی وەزارەت و توێژەكان دابەشدەكرێت، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەك لە خانەنشینان و مووچەخۆران مووچەكەیان وەرنەگرتووە.
چەند ڕۆژی ڕابردووش حكومەتی فیدراڵ 200 ملیار دینارەكەی نارد بۆ هەرێمی كوردستان، ڕاستەوخۆ وترا بۆ تەواوكردنی مووچەی مانگی دوو بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەوە سێ ڕۆژە پارەكە گەیشتووە و تا ئێستا كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو نەهاتووە.
تۆڕی میدیایی ئێستا لە سەرچاوە ئاگادارەكانەوە زانیوێتی، تا ئێستا سەرەڕای ناردنی 200 ملیار دینارەكە، پارە بۆ تەواوكردنی مووچەی مانگی دوو نەنێردراوە.
تەواونەكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو لەكاتێكدایە، ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆر و مامۆستانەی مووچەی مانگی دوویان وەرگرتووە، بەشێكیان بایكۆتی دەوامیان كردووە و داوای دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ دەكەن.
پێشتر حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەك لە پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، “لیستی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانگەكانمان وەرگرتووە و دەستكراوە بە وردبینی لە لیستەكان و بەبێ لێبڕین ئامادەكراون، لەبارەی كاتی دابەشكردنی مووچە ئاگادارنەكراوینەتەوە، بەڵام چاوەڕواندەكرێت لەهەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ بكرێت”.