ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاكانی پەرلەمانی كوردستان داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن و لەوبارەیەوە واژوویان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە، هەموارەكە شێوازی كۆتاكان و بازنەی هەڵبژاردنەكانی دیاریكردووە.
لە نووسراوێكدا كە واژووی زیاتر لە 30 پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەریی و نەوەی نوێی لەسەرە، داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن، پێشنیازەیاسای هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بخاتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان.
هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردن چیە؟
پێشنیازەیاسای هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، جگە لە پارتی و پێكهاتەكان، بەلای لایەنەكانی دیكەوە پەسەندە، چونكە باسی چارەنووسی كۆتاكان و بازنەی هەڵبژاردن و چەند پرسێكی دیكە دەكات.
یەكێك لەو ماددانەی پێشنیازەیاساكە داوای دەكات، ئەوەیە كە هەڵبژاردنی خولی شەشەم بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، واتا هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە).
هەروەها ئەو لایەنە سیاسییانە لە پێشنیازەیاساكەیاندا داوادەكەن، هاوشێوەی بەغداد، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، دەرفەت بە كەسانی دەرەوەی حزبە سیاسییەكان بدرێت، وەكو “سەربەخۆ” خۆیان كاندید بكەن، مەرجی ئەوەشی دیاریكردووە كە هەر كەسێك دەیەوێت بەشێوەی سەربەخۆ بەشداربێت، لیستێك بە واژووی هەزار دەنگدەرەوە پێشكەشی كۆمسیۆن بكات وەكو پاڵپشتی بۆ كاندیدبوونی.
هەروەها بۆ كۆتاكانیش، كە یەكێكە لە خاڵە ناكۆكە سەرەكییەكانی لایەنەكان لەگەڵ پارتی، بەوپێیەی پارتی بەپێی بەرژەوەندیی خۆی بەكاریاندەهێنێت، لە پێشنیازەیاساكەدا داوای دەستكاریكردنی شێوازی هەڵبژاردنی كورسیی كۆتاكان كراوە، بەشێوەیەك هەر 11 كورسییەكە بەسەر بازنەكاندا دابەشبكرێت، چونكە پێیانوایە كۆتاكان لەزۆربەی پرسە سیاسییەكان پشتیوانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردووە.
دەویسترێت دابەشكارییەكە بەمشێوەیە بێت :
پێكهاتەی مەسیحی پێنج كورسی، پێكهاتەی توركمان پێنج كورسی، بەشێوەیەك، 1 كورسی بۆ هەولێر، 2 كورسی بۆ دهۆك، 2 كورسی بۆ سلێمانی، هەروەها بۆ پێكهاتەی ئەرمەن 1 كورسی، كە بۆ دهۆك دەبێت.
لەبەرامبەر ئەو پێشنیازەیاسایەی لایەنەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەیە پێش هەمواركردنەوەی یاساكە، پرسی كۆمسیۆن یەكلابكرێتەوە و پێشنیازەیاسایەی ئەو لایەنە كوردستانییانەش ڕەتدەكاتەوە.
چارەنووسی كۆمسیۆن چی بەسەر دێت؟
شیروان زرار ئەندامی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، ئەگەر تا 4/1 بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردنەكە لانەبرێن، لەوانە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارانەكرێتەوە و یاسای هەڵبژاردنیش هەموارنەكرێتەوە، قورسە بتوانن لە 10/1 هەڵبژاردنی پەرلەمان بەرێوەببەن.
كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن وتیشی، ستانداردێكی جیهانییە كە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن نزیكەی شەشە مانگی پێویستە، بۆ ئەوەی هەڵژبژاردنێكی گونجاو بەڕێوەببرێت.
زرار نەیشاردەوە، كە ئەگەر تا 4/1 ئەو كارانە نەكرێن، (كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن)، كۆمسیۆن نووسراو بۆ سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان دەكات، ئەوكات ناتوانرێت لەكاتی دیاریكراودا كە 10/1ــە هەڵبژاردنەكە بەڕێوەببرێت.
بۆچی لایەنەكان ناگەنە ڕێككەوتن؟
لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەروەها كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ناكۆكن، هەندێكیان دەیانەوێت كۆمسیۆن كارابكرێتەوە و دواتر یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، زۆربەی لایەنەكاین دیكەش بە پێچەوانەوە.
ئەمە جگە لەوەی لەبارەی هەمواركردنەوەی یاساكە و بازنەكانی هەڵبژاردنیشەوە بەهەمانشێوە ناكۆكی هەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، سەرۆكایەتیی هەرێم ڕۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی وەكو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، ئەو وادەی كە كۆمسیۆن بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن داینابوو بەرەو كۆتایی دەچێت، هێشتا لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنەكە نەگەیشتونەتە ڕێككەوتن.