ئەندامێكی هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاند، “هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانی هیچ شتێكی نوێی تێدا نییە و پێشتر ئەو سێ لایەنە هاوپەیمانێتییان هەبووە و هیچ گۆڕانكارییەكیان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نەكردووە”.
ئەحمەد موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانی شتێكی نوێ نییە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا و ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانێتییەكەی حەلبووسی و پارتی بەر لە چەند مانگێك هاوپەیمانییان هەبووە و هیچ شتێكیان نەگۆڕیوە.
موسەوی ئاماژەی بەوە كرد، “هاوپەیمانیی سێ قۆڵی بۆ كۆبوونەوەكەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ناتوانن دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران كۆبكەنەوە بەبێ ڕێككەوتن و لێكتگەیشتن لەگەڵ چێوەی هەماهەنگیی شیعەكاندا.
شەو ڕابردوو، هەر سێ لایەنی ڕەوتی سەدر، هاوپەیمانێتییەكەی حەلبووسی و پارتی، هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانییان ڕاگەیاند و ناوی كاندیدەكانیان بۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران ئاشكراكرد.