مادلین ئۆلبرایت وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا لە تەمەنی 84 ساڵیدا كۆچی دواییكرد دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێكی خێزانەكەیدا هاتووە.
ئۆلبرایت پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای لە تشرینی دووەمی ساڵی 1996 وەرگرت دوای كاندیدكردنی لەلایەن بیل كلینتۆن سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا. بەمەش بووە یەكەم ژنی ئەمریكی ئەو پۆستە وەربگرێت و تا كانونی دووەمی 2001 لەو ئەركەدا بەردەوام بوو.
ئۆلبرایت كە لەدایكبووی پراگ-ە لە چیكۆسلۆڤاكیا لە ساڵی 1937، لە ساڵی 1957 ڕەگەزنامەی ئەمریكی بەدەستهێنا، دواتر بڕوانامەكانی بەكالۆریۆس و دكتۆرای لە زانستی سیاسی لەگەڵ پلەی شەرەف لە كۆلێجی ویلیسلی لە ساڵی 1959 بەدەستهێنا، جگە لە بڕوانامەی دكتۆرا لە یاسای گشتی و حكومەت لە زانكۆی كۆلۆمبیا لە ساڵی 1976.
پێش پۆستە وەزارییەكەی چەندین پۆست و ئەركی دیكەی گرتووەتە ئەستۆ لەوانە، كارمەند لە كۆشكی سپی، كارمەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، مامۆستا لە زانكۆی جۆرجتاون و باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان.
لەسەر ئاستی كوردستان ئۆلبرایت بەهۆی ڕۆڵی لە واژووكردنی ڕێككەوتنی ئاشتی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ناسراوە كە لە ساڵی 1998 لەنێوان مام جەلال و مەسعود بارزانی لە واشنتن واژووكرا و لە ئاكامیدا كۆتایی بە شەڕی ناوخۆی نێوان هەردوو حزب هات.