موسەننا ئەمین: تا ئێستا ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونی دانیشتنەكەی پەرلەمان كۆنەكراوەتەوە

پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرایدەكات، بەزمانی ژمارە، تا ئێستا ڕێژەی یاسایی ‏پەرلەمانتاری پێویست كۆنەكراوەتەوە بۆ بەشداریكردنی لە دانیشتنەكەی شەممەی ‏ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، “دوور نییە دوابخرێت”.‏

بڕیارە 26ی ئەم مانگە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت و ‏تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەو نێوەندەدا، هاوپەیمانیی سێقۆڵی، سەدر و ‏پارتی و سوننەكان، لەڕێگەی سەدرەوە هەوڵی تەواوكردنی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە ‏دەدەن بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان.‏

لەو نێوەندەدا سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كردووە بەشداریی دانیشتنەكە بكەن ‏و لەبەرامبەردا بەڵێنی دیكەی پێداوون، بەڵام موسەننا ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی ‏یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ‏تاوەكو ئێستا بەپێی زمانی ژمارەكان، ڕێژەی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی ‏ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو دوو لەسەر سێیەی كە پێویستە بۆ دانیشتنەكە، كۆنەكراوەتەوە. ‏

پەرلەمانتارە كوردەكە بەدووری نازانێت، ئەگەر گۆڕانكاریی نوێ لە هاوپەیمانێتییەكان ‏دروستنەبێت، دانیشتنەكەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ چەند ڕۆژێكی دیكە ‏دوابخرێت، ئەمە جگە لەوەی هەندێك پێشهات هەن كە لەسەر كاندیدەكان هێشتا ‏یەكلانەبووەتەوە و بۆیە دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵیی عێراق ئەو پرسە زیاتر ڕوون ‏دەبێتەوە. ‏

لەبارەی هەوڵەكەی سەدر بۆ ئەوەی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەكە بە سەربەخۆكان ‏تەواوبكات، موسەننا ئەمین پێیوایە، سەربەخۆكان هەموویان یەك بۆچوونیان نیە و ‏دابەشبوون، تەنانەت ئەگەر هەمووشیان یەك بۆچوونیان هەبێت، ڕێژەی یاسایی ئەندامانی ‏ئامادەبووی دانیشتنەكە تەواوناكرێت.‏

بڕیارە ڕۆژی شەممە 26ی ئازار دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ‏بەڕێوەبچێت، لەكاتێكدا تا ئێستا كورد لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار ڕێكنەكەوتوون و ‏هەروەها شیعەكانیش، بە هەردوو لایەنی ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی، لەسەر ‏پێكهێنانی حكومەت و كاندیدی سەرۆك وەزیران رێكنەكەوتوون.‏

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی ئاڵوگۆڕی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن بۆ وەرگرتنی بەنزین

بابەتی دواتر

دادگای فیدراڵی سبەینێ لەبارەی كاندیدبوونی ڕێبەر ئەحمەد بڕیاردەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share