لە دوو ڕۆژی ڕابردووی جەژنی نەورۆزدا حەوت ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویانداوە، وەك ئەوەی هاتوچۆی شارەكە دەیڵێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، ڕۆژی 20ی ئازار چوار ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری سلێمانی ڕوویانداوە لە جۆری (دوو پێكدادان، یەك وەرگەڕان و یەك ڕووداو بەهۆی نەمانی كۆنتڕۆڵەوە).
دەشڵێت، لە ئەنجامی کەشف و ھێلکاری دەركەوتووە هۆكارەكانیان بۆ پابەندنەبوون بەخێراییە یاساییەکان، بێئاگایی و سەرقاڵی شۆفێر دەگەڕێنەوە.
لە ڕۆژی دواتردا 21ی ئازار سێ ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە و هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، تەنھا یەک رووداویان لە سەیرانگای دوکان بووە و شەش برینداری لێكەوتووەتەوە.
هۆكارەكەیشی بۆ کەمتەرخەمی و بێئاگایی لەکاتی پێچکردنەوە لە چوارڕیانی سورداش گەڕاندووەتەوە.
هاتوچۆی سلێمانی ڕوونیشیكردووەتەوە، دۆخی برینداران جێگیرە و هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان لەو دوو ڕۆژەدا نەبووە.