بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی دەستبەرداربوون لە نەوت و گازی ڕوسیا کارێکی گران دەبێت بۆ دەوڵەتان، بەڵام کارێکی گرنگە لەپێناو خۆلادان لە گێچەڵەكانی ڕوسیا و پوتین.
جۆنسن لە وتارێکیدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە بەر لە سەردانەکەی بۆ سعودیە، لە ڕۆژنامەی ” تێلێگراف” بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، “تا بۆمبباران بەردەوامبێت، نرخی نەوت و گازیش بەرزدەبێتەوە، ئەمەش واتا گیرفانتان پارەی کەمتری تێدا دەبێت و (ڤلادیمێری سەرۆکی ڕوسیا)ش پارەی زیاتری دەبێت، ناتوانین بەمجۆرە بەردەوام بین، جیهان ناتوانێت ملکەچی ئەم گێچەڵە نەبڕاوەیە بێت”.
جۆنسن پێیوایە، خۆرئاوا “هەڵەیەکی گەورە”ی کردووە، كاتێك ساڵی 2014 مۆسکۆ نیمچەدوورگەی کریمیای داگیركرد، بەڵام جیهان هەر بەردەوامبووە لە پشتبەستن بە نەوت و گازی ڕوسیا. سەرۆك وەزیرانەكەی بەریتانیا بە گلەییەوە دەڵێت،”پەیوەندییە ئابورییەکان نەک تەنیا بەردەوام بوون، بەڵکو چڕتریش بوونەوە، کاتێک خۆرئاوا کڕینی گازی ڕوسیای لە هەموو کاتێک زیاتر کرد، ئەمەش وایکرد زیاتر ناچار بێت پشت بە نیازپاکیی پوتین ببەستێت و زیاتریش لەبەردەم مەترسیی هەڵکشان و داکشانی نرخی نەوت و گازدا بێت”.
جۆنسن پێشی وایە، کاتێک پوتین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی سەر ئۆکرانیای بەرپاکرد، ”دەیزانی کە سزادانی کارێکی سەخت دەبێت بۆ دەوڵەتانی جیهان، دەیزانی کە دۆخێکی هاوشێوەی ئالوودەبوونی هێناوەتە ئاراوە”.
بۆیە دووپاتیدەكاتەوە، “تاکو خۆرئاوا لەڕووی ئابورییەوە پشت بە پوتین ببەستێت، ئەوا ناوبراو هەموو توانای خۆی دەخاتەگەڕ بۆ بەکارهێنانی ئەم پشتپێبەستنە، هەر لەبەر ئەمەشە پشتپێبەستنەكە دەبێت کۆتایی پێبێت، هەر ئێستا کۆتایی پێدێت”.
سەرۆک وەزیرانەكەی بەریتانیا نووسیویەتی، “ئەگەر جیهان بتوانێت پشتبەستن بە نەوت و گازی ڕوسیا ڕابگرێت، ئەوسا ئێمەس دەتوانین سەرچاوە داراییەکانی پوتین ڕابگرین و ستراتیژەکەی هەڵبوەشێنینەوە و قەبارەی کەمبکەینەوە”.
ئاشكراشیكرد، بەریتانیا پلان بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕوسی دادەنێت، تاکو بە هەمان ڕێگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكادا بڕوات، هەروەها هاوڕای یەکێتیی ئەوروپاش بوو، کە دەیەوێت هایدرۆکاربۆنەکانی روسیا “وەلابنێت”.
جۆنسن پێیوایە، “تاکە ڕێگا” بۆ ئەوەی ڕوسیا “ڕێزی یاسای نێودەوڵەتی بگرێت”، بریتییە لە “ڕاگرتنی بەکاربردنی بەربڵاوی بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکانی ڕوسیا” و جەختیکردەوە، ئەم ستراتیژی ڕەتکردنەوەیە سەرناگرێت “ئەگەر هەمووان پابەندی نەبن”، بەڵام هاوکاتیش هۆشداریی دا کە هەنگاوێکی لەم جۆرە “ئازاردەر” دەبێت.
سەرچاوە: تێلێگراف