ژنێكی عێراقی گەڕایەوە بۆ ژیان پاش مراندنی لە تۆمارە شارستانییەكاندا بەدرێژایی 37 ساڵ، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویكردەوە، ناوی ژنە 50 ساڵانەكە دووبارە لە تۆمارەكانی باری شارستانی تۆماركراوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، پاش هەوڵێكی زۆر و هاتوچۆی بەردەوام لەنێو دامودەزگا تایبەتمەندە حكومییەكاندا، هێزەكانی پۆلیسی بەغداد بەهەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكان توانییان ژیان و مانی ژنێك بسەلمێنن.
پێشتر ژنەكە پۆلیسی ئاگاداركردووەتەوە كە بەهۆی بارودۆخی ئەوكات و لەلایەن كەسانی هەلپەرستی نزیكییەوە بە مردوو تۆماركراوە لەكاتێكدا لەژیاندا بووە، ئەمەش 37 ساڵی بەسەرداتێپەڕیووە.
ژنەكە وتووشیەتی، بەدرێژایی ئەو ماوەیە تووشی ئەشكەنجە و دژواری بووەتەوە، لەسایەیدا ڕووبەڕووی دزیلێكردن بووەتەوە لەسەر دەستی كەسانی نزیكییەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە توانراوە كارتی نیشتمانی بۆ ژنەكە دەربهێندرێت، ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژناندا.