تەندروستی هەرێم: داخستنی قوتابخانەکان ژمارەی توشبووانی کۆرۆنای کەمکردووەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی تشرینی دووە ڕایگەیاند کە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان بووەتەهۆی کەمکردنەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی  داهاتووشدا بەپێی دۆخەکە بڕیار لەبارەی قوتابخانەکان دەدرێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دکتۆر ئاسۆ حەوێز، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی  کۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەڕێوبەرە گشتییەکانی تەندروستیی ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.

ئاسۆ حەوێز دەڵێت، “بڕیاری داخستنی قوتابخانەکان کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هاوکات توندکردنی ڕێکارەکانیش ڕۆڵی هەبووە”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە کردنەوە دەرگای قوتابخانەکان ئاماژەی بەوەکرد کە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا کۆدەبینەوە و بەپێی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کۆرۆنا بڕیاری پێویست لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەدەین.

باسی لەوەکرد، هەرچەندە ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا کەمبووەتەوە بەڵام نیگەرانین لەوەی ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەکانن و دۆخیان ناجێگیرە ژمارەیان زۆرە بۆیە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر دەکات.

تۆمارکردنی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم نزیک دەبێتەوە لە 90هەزار حاڵەت و لەو ژمارەیەش نزیکەی سێ هەزار کەس بەهۆکاری ڤایرۆسەکە مردوون.

بابەتی پێشتر

بەرهەم ساڵح و لاهور شیخ جەنگی لە بەغداد کۆبوونەوە

بابەتی دواتر

ئەو کەسانەى بە مردوویش پارە پەیدا دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share