نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٦ی تشرینی دووەم سەرۆککۆماری عێراق و هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە و چەند تەوەرێکیان لەبارەی دۆخی ئابوری و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانەوە تاوتوێکراوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە، ” بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی تشرینی دووەم، لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەبارەت بە دوا گۆرانکارییە ئەمنی و ئابووری و سیاسییەکانی کوردستان و عێراق گفتوگۆکرا.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەشهاتووە، ” لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە گرنگی ھەمەھانگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەراندنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی ھاتووەتە ئاراوە، لە رێگای دیاڵۆگی جددی و لێکگەیشتنی ھاوبەش بە ئاڕاستەی کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان لە بەرژەوەندی خەڵک و ھێنانەکایەوەی سەقامگیری ئاسایش و ئابووری و خۆشگوزاری بۆ سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق، بەتایبەتی ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵکی خۆراگری کوردستان”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەبەوەشکراوە، ” لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆرکرا لە بارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئەو مەبەستە بەگرنگییەوە جەختیکرایەوە لە گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و کۆتایی ھێنان بەو دۆسێیە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، بە تایبەتی تر پرسی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵک و پاراستنی مافی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان وەک ھاووڵاتیانی دیکەی عێراق بێ جیاوازی”.