ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا، مەرجی ڕاگرتنی جەنگی ئۆكرانیای ئاشكراكرد و دەڵێت، “پێویستە ئۆكرانیا كاری دوژمنكارانە ڕابگرێت”.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆكی توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا جەنگی ئۆكرانیایان تاوتوێكرد و پوتین ڕایگەیاند، ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ كاربەدەستانی ئۆكرانیادا.
سەرۆكی ڕوسیا جەختیكردووەتەوە لەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بەپێی پلان بەڕێوەدەچن و بەردەوامدەبن، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا و “هاوبەشانی دیكە”دا.
كریملین كە ناوەڕۆكی قسەكانی پوتین و ئەردۆغانی بڵاوكردووەتەوە دەڵێت، “سەرۆكی ڕوسیا بە سەرۆكی توركیای وتووە، بەو مەرجەی ئۆكرانیا كاری دوژمنكارانە ڕابگرێت و دواكارییەكانی ڕوسیا جێبەجێبكات، جەنگ ڕادەگرێت”.
ڤلادیمێر پوتین ڕاشیگەیاندووە، هەوڵی ئۆكرانییەكان بۆ درێژەدان بە دانوستاندن بەمەبەستی كۆكردنەوەی هێز، ئەنجامێكی باشی نابێت و هیوایخواستووە دانوستاندن وەك پێویست بەڕێوەبچێت، بەبێ ئەوەی كریملین ڕوونكردنەوەی زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.