زیلینسكی: حەزم لە “هەروەلە”یە، بەڵام ڕامنەكردووە

“هەروەلە” بەمانای ڕاكردنی هێواش، ڕاهێنانی وەرزشییە

سەرۆكی ئۆكرانیا ڕەتیدەكاتەوە كیێڤی پایتەختی جێهێشتبێت، دەڵێت، “ڕامنەكردووە”.

دوێنێ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا كۆشكی سەرۆكایەتی و كیێڤی پایتەختی جێهێشتووە و هەڵاتووە، بەڵام بە ڤیدیۆیەك، كە خۆی بە مۆبایلەكەی تۆماریكردووە، دەنگۆكەی ڕەتكردەوە.

زیلینسكی دەڵێت، “هەموو ڕۆژێك دەنگۆی هەڵاتنم لە ئۆكرانیا و كیێڤ بڵاودەكرێتەوە، بەڵام وەك دەبینن، من لێرەم، لە ماڵەكەی خۆم، كەس ڕاینەكردووە، ئێمە كاردەكەین”.

سەرۆكەكەی ئۆكرانیا، كە پێشتر ئەكتەری كۆمیدی بووە، هەر بە گاڵتەئامێزییەوە دەڵێت، “ئێمە حەزمان لە (هەروەلە – ڕاگردن بە هێواشی)یە، بەڵام ئێستا كاتی ڕاهێنانە وەرزشییەكان نییە، چونكە كاردەكەین”.

لە كۆتاییشدا دەڵێت، “سەركەوتن بۆ ئۆكرانیا، سەركەوتن بۆ پاڵەوانەكان، مردن بۆ ئەوانەی هەڵدێن”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share