وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە لەبارەی پێنەدانی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دەدات كە ڤاكسینان وەرنەگرتووە، بریكاری وەزارەتەكە تەئكیددەكاتەوە، لە فەرمانگە جیاوازەكان دەست بە ڕێكار و هەنگاوی جیاواز كراوە.
دكتۆر ڕەهیڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی “ئێستا”ی ڕاگەیاند، بڕیاری وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن فەرمانبەرانەوە بڕیاری حكومەتە، دەبێت جێبەجێبكرێت و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ئەو پێشنیازەی كردووە، لە زۆربەی فەرمانگەكان ئەگەر هاوڵاتی كارتی ڤاكسینی نەبێت مامەڵەی بۆ ڕایی ناكرێـت.
لەبارەی ڕاگرتنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، بریكارەكەی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەكرد، “ئێمە ئەو هەنگاوەمان وەكو كارتی فشار داناوە كە فەرمانبەران ڤاكسین وەربگرن و پابەندبكرێن، لە زۆرێك لە فەرمانگەكاندا ئەو بڕیارە جێبەجێكراوە، لە فەرمانگەكانی خۆشمان دەستمان بە ڕێكارەكان كردووە و ئەو فەرمانبەرانەی پابەند نەبوون، چەند ڕێكارێكی یاسایی و ئیدارییمان گرتۆتەبەر، كە تەنها ڕاگرتنی مووچە نەبووە”.
لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێك حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە وەزارەتە جیاوازەكانیش ڕایانگەیاند، هەر فەرمانبەرێك ڤاكسین نەكات، مووچەی پێنادرێت.
بە لێدوانی بریكاری وەزیری تەندروستیشدا دەردەكەوێت، لە بەشێك لە فەرمانگەكان ئەو بڕیارە جێبەجێكراوە.