زانکۆلاین بۆ دەرچووانى پۆلی دوانزه‌ی ئامادەیی کاراکرا

بۆ ماوەی 10 ڕۆژ كارادەبێت

وه‌رگرتنی ده‌رچووانی پۆلی دوازده‌ی ئاماده‌یی له‌ زانكۆ و پەیمانگەكانی هه‌رێمی كوردستان دەستپێدەکات و لە كاتژمێر (12)ی ئەمڕۆوە زانكۆلاین بۆ ماوەى 10 ڕۆژ بۆ دەرچووانى دوازدەى ئامادەیى کەوتەكار.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، لە كاتژمێر 12ی ئەمڕۆوە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچووانی دوازدەی ئامادەیی، تا كاتژمێر 12ى شەوى 9ی تشرینی یەكەم واتە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ كارادەبێت.

ده‌رچووانی پۆلی (12)ی ئاماده‌یی لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وه‌ و پێشكه‌شیبكه‌ن. وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ده‌رچووان ده‌بێت بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) كە پێشتر له‌ خوێندنگەکانیان وه‌ریانگرتوونەته‌وه‌ فۆرمی وه‌رگرتن پڕبكه‌نه‌وه‌.

ڕوونیشیدەكاتەوە، ئەوانەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ناوەكانیان ڕەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كراوە بریتین لە 63 هەزار و 325 دەرچوو.

وەزارەتەكە ئاماژە بەوەشدەكات، بۆ به‌رچاوڕوونی زیاترى ده‌رچووانی پۆلی دوازده‌ و ئاشنابوونیان به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل و ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتى (www.regayzanko.com) ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکاریى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنێتی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به‌ سیستمه‌ جیاوازه‌كان، کە ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرچووان به‌رله‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌شبكه‌ن، ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵبدەن خوودى خۆیان فۆرمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕدەکەنەوە.

پێشتر عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، لە چەند ڕۆژی كەمی داهاتوودا سایتی زانكۆلاین تایبەت بە دەرچووانی 12ی ئامادەیی كارادەكرێت.

وتیشی، “لەدوای كاراكردنی، دەرچووان دەتوانن داواكاری بۆ وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگاكان تۆماربكەن”.

كلیك لێرە بكە بۆ چوونەناو ویبسایتی زانكۆلاین.

بابەتی پێشتر

پلەكانی گەرما زیاتر دادەبەزن

بابەتی دواتر

توركیا نیگەرانە<br> دوای ئەوروپا ئەمریكایش گورگە بۆرەكان دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار زیاتر دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینی و…
Total
0
Share