سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، هەڕەشەدەكات و دەڵێت، “جەنگی جیهانیی سێیەم بە چەكی ئەتۆمی دەبێت و وێرانكەر دەبێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕوسیا ڕێگەنادات ئۆكرانیا چەكی ئەتۆمی هەبێت و هێرشەكەشی بۆسەر ئۆكرانیا بەمەبەستی لەناوبردنی چەكی ئەو وڵاتەیە و “ناكرێت ڕێگەبدەین چەكی هێرشبەرانە لە ئۆكرانیا هەڕەشە لە ئاسایشمان بكات”.
وتیشی، “ئامادەین بۆ گەڕێكی تری دانوستاندن، بەو مەرجەی دانوستاندن هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی ئۆكرانیا لەخۆبگرێت، بەڵام لایەنی ئۆكرانی بە فەرمانی ئەمریكا یاری بە كات دەكات”.
وەزیری دەرەوەی ڕوسیا قسەی بۆ كەناڵی جەزیرە كرد و هەڕەشەیكرد و ڕایگەیاند، ئەگەر جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵبگیرسێت، بە چەكی ئەتۆمی دەبێت و جەنگێكی وێرانكەر دەبێت.
بەپێی وتەی لاڤرۆڤ، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كەسێكی بەئەزموونە و ئەوە دەزانێت كە سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا، هیچ جێگرەوەیەكی نییە جگە لە جەنگی جیهانی.