ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، پەرلەمانتاران دەتوانن بە یاداشتێك داوای دووبارەكردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بكەن، بەڵام دیار نییە سەرەڕای هەنگاوێكی لەو شێوەیە، دەتوانرێت كۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكرێت، یان نا.
ئەمڕۆسێشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بریاریدا، دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەنایاسایی دابنێت، كە لایەن دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە درابوو.
دكتۆر جەمال كۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی”ئێستا”ی ڕاگەیاند، پەرلەمانتاران دەتوانن یاداشتێك بەرزبكەنەوە بۆ دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و دەبێت یاداشتەكەیان بخرێتە بەردەم دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر دەنگیهێنا ئەوا دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە.
كۆچەر، كە پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامییە، ئاماژەی بەوەكرد، 25 پەرلەمانتار دەتوانن یاداشتەكە بەرزبكەنەوە تاوەكو لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە بخرێـتە خشتەی كاری كۆبوونەوەكانەوە، چاوەڕواندەكرێت ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامبدرێـت و ئەگەر لایەنەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەنە ڕێككەوتن، دەتوانرێـت ئەو یاداشتە بەرزبكرێتەوە بۆ دەستەی سەرۆكایەتی.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لەگەڵ ئەوەی دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە نایاسایی زانی و ڕەتیكردەوە، بەڵام ڕاشیگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت ئەو كارە بكات.
بۆیە ئەگەر زۆرە بەو ڕێكارەی لە سەرەوە پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو باسیكرد، لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە كار بۆ سێبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێت.
بەڵام دیار نییە ئەگەر هەنگاوێكی لەو شێوەیە سەریش بگرێت، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەنجامدەدرێت یان نا، چونكە هێشتا لایەنە ناكۆكەكان دەتوانن ”سێیەكی پەكخەر – الثلث المعطل” دروستبكەن و ڕێگری لە ئەنجامدانی دانیشتنەكە بكەن.