دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری جارێكی دیكە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە نادەستووری ناوبرد.
دادگاكە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیارەكەی پەسەندكرد و ڕایگەیاند، دەكرێت دەرگای خۆپاڵاوتن سەرلەنوێ بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێتەوە نەك بە بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە.
لە بڕیارەكەی دادگادا هاتووە، “هیچ دەقێكی دەستووری یان یاسایی نییە دەسەڵاتی سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ببەخشێت”.
چوارشەممەى ڕابردوو دادگا دانیشتنی بۆ هەمان مەبەست هەبوو، بەڵام دوایخست بۆ ئەمڕۆ.
دوای ئەوەی نەتوانرا لە ماوە دەستووری و یاساییەكاندا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا سێ ڕۆژ دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستەكە بكاتەوە، بەڵام بەشێك لە لایەنەكان و پەرلەمانتارانی عێراق دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردنیان بە نایاسایی ناوبرد، بۆیە باسم خەشان پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەیەوە سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆماركرد.
بەپێی ماوە دەستوورییەكان، دەبوو تا ڕۆژی هەشتی مانگی ڕابردوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرایە، بەڵام ئەو كارە نەكرا، بۆیە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەمان ڕۆژ بڕیاریدا بە دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.