لەلایەن لیژنەكانی قائیمقامیەتی قەزاكەوە، زیاتر لە هەزار پارچە بابەتی جوانكاریی خانمان دەستیان بەسەردا گیرا و هۆشداری دەدرێت لە بەكارهێنانیان.
لە ڕاگەیەندراوێكدا، قائیمقامیەتی سەیدسادق ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ یەکشەممـــە 15ی تشرینی دووهمــی، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای سیدسادق، لە هەڵمەت و پشکنینە بەردەوامەکانیاندا بۆ بازار و دوکان و شوێنەگشتییەکانی سنووری قەزاكە، لەناو چەند دوکان و ئارایشتگایەکی خانماندا، دەستیانگرت بەسەر زیاتر لە هەزار پارچە بۆیەی ڕەنگکردنی قژی خانمان دا”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “ئەم موادەی جوانکاریی خانمانە، بە شێوەی نایاسایی و قاچاخ لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان و بازارەکانی قەزاکە کراون، بەهۆی خراپی جۆرەکەی و نەگونجاندنی لەگەڵ ڕێنماییەکانی تەندروستیی عێراق شیاوی بەکارهێنان نین”.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا قائیمقامی قەزای سەیدسادق داوا دەكات “خانمان لە کاتی سەردانی کردنیان بۆ ئاریشتگاکان و سەنتەرەکانی جوانکاری، بە وردی سەرنجی جۆر و ڕێکەوتی بەسەرچوون و تایبەتمەندیی بابەتەكات بدەن، بە جۆرێک هەر بەرهەمێک بەرواری عێراقی لەسەر نەبوو ڕێگە بە بەکارهێنانی مەدەن و شیاوی بەکارهێنان نین”.