حكومەتی هەرێم دامودەزگاكانی بۆ ئامادەكاریی هەڵبژاردن ڕادەسپێرێت

لۆگۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان

حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی دەكات هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆن بكەن بۆ دابینكردنی بودجە و پێداویستییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن.

نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 33 لە ڕۆژی 24ی شوباتی 2022 دەربارەی دەستنیشانکردنی ڕۆژی 1ی ئۆکتۆبەری 2022 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێک بڕیاریدا بە ڕاسپاردانی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی.

دەشڵێت، هەماهەنگییەكە “بە مەبەستی دابینکردنی بودجە و سەرجەم پێداویستییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت”.

پێنجشەممەی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژووكرد.

لە فەرمانه‌ هەرێمییه‌که‌دا هاتووە، “بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005، یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ـ عێراق، هەمواركراو، ڕۆژی 2022/10/1 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانكرا”.

هەر بەپێی فەرمانەكە، “پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، دەست بە ڕێكارە پێویستەكان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بكەن”.

ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا لایەنەكان لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ڕێكنەكەوتوون.

بابەتی پێشتر

دۆلار جێگیرە

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: هەوڵی جددی دەدەین بۆ بنبڕکردنی زیادەڕەوییەکان لەسەر موڵکی گشتی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share