گەورە شارێكی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا كەوتە دەست ڕوسیا، بەڵام ئۆكرانییەكان لە كیێڤی پایتەخت بەردەوامن لە بەرگری.
هەریەكە لە ئۆكرانیا و ڕوسیا ئاشكرایانكرد، شاری خاركیڤ، كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیاوە و دووەم گەورەترین شاری وڵاتەكەیە، لەلایەن سوپای ڕوسیاوە كۆنترۆڵ كراوە.
خاركیڤ دەكەوێتە سەروو هەردوو شارەكانی دۆنیتسك و لۆگانسك، كە پێشتر ڕوسیا تاكلایەنە سەربەخۆیی پێدابوون، ئەمیش ژمارەیەك لە دانیشتوانەكەی بە ڕوسی دەدوێن و لایەنگری ئەو وڵاتەن.
لە بەرەی كیێڤی پایتەختیش شەڕ بەردەوامە، تا ئێستا ئۆكرانییەكان بەرگرییان لە پایتەختەكەیان كردووە، شەڕ لە بەرەكانی باكوور و خۆرئاوای كیێڤ قورسە و ڕوسیا بۆردومانی سەر شارەكەی چڕتر كردووەتەوە.
دانیشتووانی پایتەختەكەی ئۆكرانیا ناچار چوونەتە مۆڵگە و شوێنەكانی خۆپاراستن لە ژێر زەوی، بەتایبەت میترۆكانی شارەكە بوونەتە پەناگەی ئۆكرانییەكان.
میدیای ئۆكرانی وا وەسفی شەوی ڕابردووی كیێڤی كردووە، كە سەختترین بووە لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە.
ڕوسیا لە شەوی ڕابردووەوە هێز و كەرەستەی سەربازیی زیاتری ناردووەتە بەرەكانی جەنگ لەسەر سنوورەكانی و لەناو خاكی ئۆكرانیا، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكە فەرمانی دا بە فراوانتركردنی هێرشەكانیان.