شێروان شێروانی: شاگەشكە نابین بە بڕیارەكە و زوڵممان لێكراوە

یەكێك لە چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان دەڵێت، بڕیاری كەمكردنەوەی سزاكەیان نابێتە هۆی ساڕێژكردنی ئەو ئێش و ئازار و ناهەقییەی بەرامبەیان كراوە و دوپاتیشیدەكاتەوە، شاگەشكە نابن بە بڕیارەكە.

دوابەدوای دەرچوونی بڕیاری سەرۆكایەتیی هەرێم تایبەت بە كەمكردنەوەی سزای پێنج لە چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان، شێروان شێروانی، یەكێك لەو چالاكوانانەی بڕیارەكە دەیگرێتەوە لە پەیامێكی دەنگیدا لە زیندانەوە ڕایگەیاند، بڕیارەكە دەشێت بۆ كەسوكاریان دڵخۆشكەربێت، بەڵام “بەڕاستی بۆ ئێمە ناتوانین بڵێین جێی دڵخوازی ئێمەیە، بەهۆی ئەو ئێش و ئازار و ناهەقییەی ئێمە دیمان” لەماوەی زیاتر لە ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دەزگاكانی سەر بە پارتی.

شێروانی دووپاتیشیكردەوە، ئێشی ئەوان زۆر زیاترە لەوەی هەر بڕیارێك ئەو برینە ساڕێژبكات.

ئاماژەشدەدات، كێشەی ئەوان كێشەی تایبەت نییە “كێشەمان لەگەڵ شێوازی حوكمڕانی و ناعەدالەتییە، ئەو زوڵمەی بەرامبەر ئێمە كراوە ڕەهەندی دیكەی هەیە و غەدرێكی مێژوویی مەزن بوو، لەبەر ئەوە شاگەشكە نابین بە بڕیارەكە و بەتایبەت ئەگەر بڕیارەكە یەكلاكەرەوە نەبێت، بڕیارێك بێت كە هێشتا ناوی ئێمە وەك تاوانبارێك تیایدا هاتبێت”.

ئەو چالاكوانەی بادینان باس لەوەشدەكات، ئەوان لە قۆناغی بەرخۆداندان، تەنانەت ناو زیندانیش وەك وێستگەی تێكۆشان دەزانن و تائێستا هیچ گۆڕانێك لە هەڵوێستیاندا دروست نەبووە.

دووپاتیشیدەكاتەوە، “ئێمە هەستەكەین سەركەوتووین و بەڵگەی سەركەوتنی ئێمەش ئەو ڕەنگدان و ناوبانگ و پێزانینە نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و پشتیوانییە لەلایەن پارێزەر، چالاكوان و كەسانی خۆبەخشەوە كە بەشێك لە برینەكانی ئێمەی ساڕێژكرد”.

بە فەرمانی سەرۆكی هەرێم، سزای زیندانیكردنی پێنج چالاكوانە سزادراوەكەی بادینان كەمكرایەوە بەڕێژەی 60%، بەو پێیە بێت، نزیكەی شەش مانگی دیكە ئازاددەكرێن.

ئەو چالاكوانانەی فەرمانی سووككردنی سزاكان دەیانگرێتەوە، بریتین لە شێروان شێروانی، شڤان سەعيد، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و گوهدار حەمەدەمین، كە پێشتر سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەیپێنرابوو.

پێشتر بەشدار حەسەن، یەكیك لە پارێزەرانی چالاكوانە سزادراوەكان فەرمانی سووككردنی سزاكەی بۆ تۆڕی میدیایی ئیستا دووپاتكردەوە، لەگەڵ ئەوەی دەڵێت، چاوەڕوان بوون بەتەواوەتی لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەربچێت و ئازاد بكرێن.

بەپێی فەرمانەكە و ماوەی ئەو سزایەی بەسەریانبردووە، نزیكەی شەشە مانگی دیكە چالاكوانەكان ئازاددەكرێن، وەك ئەوەی عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان ئاشكرایكردووە.

بابەتی پێشتر

بەرپرسێكی كورد لە بازگەیەكی كەركوك دەستگیركرا

بابەتی دواتر

ئەو شتانە چین تەندروستیی دڵمان دەپارێزن؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كونسوڵگەریی ئەمریكا لەبارەی بوونی پەیوەندی بە دەستگیركراوانی بادینانەوە، بۆ ئێستا دەدوێت

وتەبێژی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە وەڵامی تۆمەتباركردنی دەستگیركراوانی بادینان بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ كونسوڵگەریی ئەمریكا، كونسوڵگەرییەكە دەڵێت،…
Total
0
Share