مایکڵ ئارتێتا یانەی ئارسیناڵی بە ئاستێکی هاوسەنگ گەیاندووە، خاوەنی یانەکەش بڕیاریداوە گرێبەستەکەی بە بەرزترین مووچە نوێبکاتەوە.
ئارتێتا تاوەکو ئێستا لە 116 یاریدا سەرپەرشتی ئارسیناڵی کردووە، 62 بردنەوەی تۆمارکردووە کە 17 بردنەوەیان لە کۆی 29 یاریی ئەم وەرزە بووە (2021/2022)، لە وەرزی یەکەم و دووەمدا ئارسیناڵ پلەی هەشتەمی بەدەستهێناوە، لەم وەرزەشدا لەپلەی پێنجەمدایە سێ یاریی دواخراویان هەیە، دەتوانن بەبردنەوەی ئەو یارییانە پلەی چوارەم و بلیتی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ ببڕن.
هەموو ئەمانە ستان کرۆنکی خاوەنی یانە ئینگلیزییەکەی گەیاندووەتە ئەو بۆچوونەی، نوێکردنەوەی گرێبەستی مایکڵ ئارتێتا یەکێکە لە پێداویستییەکان.
کرۆنکی بڕیاریداوە بۆندی ئارتێتا تاوەکو 2025 بە مووچەی ساڵانەی 8.5 ملیۆن پاوەند نوێبکاتەوە، لە کاتێکدا مووچەی ڕابردووی پێنج ملیۆن بووە، بەو هەنگاوەش دەبێتە پێنجەم گرانبەهاترین ڕاهێنەری جیهان لە دوای ئەم ڕاهێنەرانەوە:
پێپ گواردیۆلا 18.7 ملیۆن پاوەند
یۆرگن کلۆپ 16 ملیۆن پاوەند
ئەنتۆنیۆ کۆنتی 13 ملیۆن پاوەند
دیێگۆ سیمیۆنی 12.75 ملیۆن پاوەند