وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ئەگەری ئەنجامدانی كاری سەربازیی ڕوسیا لە ئۆكرانیا زۆر نزیكە، ئەمەش بەسە بۆ جێهێشتنی زۆرینەی كارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە پایتەختی ئۆكرانیا.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارمان دەركرد بە جێهێشتنی زۆرینەی ئەو ئەمریكییانەی تائێستا لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كیێڤ ماونەتەوە، ئەگەری ئەنجامدانی كاری سەربازیی ڕوسیا (دژ بە ئۆكرانیا) زۆر گەورەیە و مەترسییەكەی نزیكبووەتەوە بە ئاستێك كە پێویستە بڕیارێكی لەو جۆرە بدرێت.
پێشتر بڕیار بۆ زۆرینەی كارمەندانی باڵیۆزخانەكە دەرچوو تا بەخێرایی ئۆكرانیا جێبهێڵن. داوایەكی هاوشێوەش ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتییانی ئەمریكا كرا.
واشنتن دەڵێت، كۆكردنەوەی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ڕوسی لەسەر سنووری ئۆكرانیا، ئاماژەیەكی ڕوونە بە نزیكی داگیركاری لەماوەی ڕۆژانی كەمی داهاتوودا.
بەڵام مۆسكۆ هەر جۆرە پلانێك بۆ داگیركردنی وڵاتەكە ڕەتدەكاتەوە و هۆشدارییەكانی واشنتن لەو ڕووەوە بە (هستریا) ناودەبات، بەپێچەوانەشەوە مەترسی خۆی لەبارەی ئەوەی ناویدەبات بە دوژمنكاریی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) نیشاندا.
لە لێدوانەكەیدا پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو هاوتا ژاپۆنی و كۆریای باشوورییەكەی، بلینكن وتی، ئاراستەی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕوسیا دەربارەی ئۆكرانیا تائێستا لە ئارادایە و هەنگاو دەنرێت بۆ ئەوەی مۆسكۆ دۆخەكە هێوربكاتەوە.
دوایین هەوڵی دیپلۆماسیش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بوو كە شەوی ڕابردوو لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی ڕوسیا ئەنجامدرا.
دەربارەی ناوەرۆكەكەی کۆشکی سپیی ئەمریکا له ڕاگهیهندراوێكدا ئاماژهى بهوهكرد، بایدن و پوتن گرژییهكانى سنووری ئۆکرانیان تاوتوێكردووه و سهرۆكى ئهمریكا وتوویهتى، “ئهگەر ڕوسیا زیاتر بچێتە ناو خاکی ئۆکرانیاوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وەڵامی توندیان دەبێت و سزای توندی بەسەردا دەسەپێنن.”
بایدن ئهوهشی به پوتن وتووه، ئهگەر ڕوسیا لەسەر هەنگاوەکانی بەردەوام بێت، کێشەی گەورە بۆ هاوڵاتییان دروستدەکات و زیان بە ناوبانگی وڵاتەکەشی دەگەیەنێت.
بۆیه دهستپێشخهرى ئهوهى بۆ سهرۆكى ڕوسیا كردووه كه ئهگهر نەرمی بنوێنێت ئامادەی هەمو جۆرە گفتوگۆیەکن.
لەبەرامبەریشدا كۆشكى كرملین ڕایگهیاندووه، پوتن لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ بایدن نکوڵی لەو زانیارییە ساختانە کردووه کە باس لە ئەگەری ھێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەکەن.
ئاشكراشیكردووه، سەرۆکى ڕوسیا لەگەڵ سهرۆكى ئهمریكا ڕێککەوتووە لەسەرئەوەی دیالۆگ بکات لهسهر ئهو پرسه.