عوبەیدول قادر، وەزیری گواستنەوە و پرد و ڕێگاوبانە لە حكومەتی بەنگلادیش، ئەو تەمەنی 68 ساڵە، بەڵام گرنگییەكی زۆر بە ستایلی پۆشاك و قژ و چاویكلە و دەركەوتنەكانی دەدات.
ئەو وەزیرە بەنگالییە، خوویەكی “سەیر”ـی هەیە، ئەویش زۆر پۆستكردنی وێنەی خۆیەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دا، بە جۆرێك زۆربەی ڕۆژەكان وێنەی خۆی پۆست دەكات و لە هەر پۆستێكیشدا چەندین وێنە بڵاودەكاتەوە كە هەندێك جار ژمارەی وێنەكانی نێو یەك پۆستی، دەگاتە دەیان وێنە. تەنانەت لە پۆستێكیدا بە جارێك 10 هەزار و 594 وێنەی بڵاوکردووەتەوە.
هەوادارانی عوبەیدولقادر لە فەیسبووكدا ژمارەیان زۆرن و زۆرجار لە كۆمێنتەكانیاندا قسەی گاڵتەئامێز دەنووسن، یەكێك لە فانەكانی كە كچێكە بۆی نووسیوە، “سێ كاتژمێری خایاند تاوەكو توانیم سەیری وێنەكانت بكەم.”
عوبەیدول قادر لە یەكێك لە وێنەكانیدا لاسایی سپایدەرمان دەكاتەوە. لە زۆربەی هەرە زۆری وێنەكانیشدا بەشێوەیەكی قنج و قیت دەوەستێت، بە تایبەت لە دانیشتندا پشتی بۆ دواوە ڕادەگرێت، هەربۆیە یەكێك لە فانەكانی لە كۆمێنتدا بۆی نووسیوە، “بەڕێزم، هەوڵبدە كەمێك پشتت بۆ پێشەوە بنووشتێنیتەوە، نامەوێت وێنەت ببینم كە لە نەخۆشخانە گیرابێت.”