زانایەكی بایۆلۆجی لە زانكۆی مۆسكۆ دەڵێت، ئەو پیربوونەی لە جەستەی مرۆڤێكدا ڕوودەدات كە ڤاكسینی وەرنەگرتبێت و 10 ڕۆژ تووشی كۆرۆنا بووبێت، یەكسانە بە 10 ساڵ ژیانكردن.
مەكسیم سكۆلاچیڤ زانای بایۆلۆجییە لە زانكۆی مۆسكۆی ڕوسیا، لێكۆڵینەوەیەكی لەبارەی كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر جەستەی كەسانی تووشبوو كردووە، بەتایبەت ئەوانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.
سكۆلاچیڤ ئاشكرایكردووە، تووشبوون بە كۆڤید – 19 كاریگەری لەسەر تەمەنی بایۆلۆجیی مرۆڤ هەیە. ئەوانەی لەدژی كۆرۆنا ڤاكسیننەكراون، ئەگەر تووشی پەتاكە ببن، ئەوا لە ماوەی ڕۆژدا كۆئەندامەكانی ناوەوەی جەستەیان دووچاری بەرەوپێشچوون لە تەمەندا دەبن.
ڕوونیكردووەتەوە، ئەو گۆڕانكارییانەی لە جەستەی كەسەكەدا ڕوودەدەن، هاوشێوەی پیربوونی خێران و 10 ڕۆژی تووشبوون بە كۆڤید – 19 بۆ كەسێك كە ڤاكسیننەكرابێت، هاوتایە بە 10 ساڵ چوونەتەمەنەوە.
مەكسیم سكۆلاچیڤ لێدوانی بۆ ئاژانسی “سپوتنیك”ی وڵاتەكەی داوە و ڕایگەیاندووە، “بەڵام ئەم پیربوونە جیاوازە، چونكە بەپێچەوانەی پیربوون بەهۆی تەمەنەوە، دەكرێت لەڕێگەی وەرگرتنی دەرمانی چارەسەركردنی كاریگەرییەكانی كۆرۆناوە، ئەو ماندووبوون و پیربوونەی لە ئەندامەكانی ناوەوەی جەستەدا ڕوودەدەن چارەسەربكرێن”.