بۆ تووشبووانی كۆرۆنا.. بەكارهێنانی ڕۆژانەی پاراسیتامۆڵ مەترسیدارە بۆ جەڵتە

بەهۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، بەتایبەت لەدوای بڵاوبوونەوەی ‏گۆڕاوی ئۆمیکرۆن و خواستی زۆری بەکارهێنانی ئازارشکێنە بەناوبانگەکەی بواری ‏پزیشکی “‏Paracetamol‏”، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی هۆشداری دەدات لەوەی ‏زۆر بەكارهێنانی ئەو حەبە، مەترسییەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك زیاتر ‏دەكات. ‏

پاراسیتامۆڵ، ئازارشکێنێکی بەناوبانگە، بەڵام ئێستا لەلایەن تووشبووانی کۆرۆناوە بۆ ‏کەمکردنەوەی ئازار و دابەزاندنی پلەی گەرمیی جەستە بەڕێژەیەکی زۆر ‏بەکاردەهێنرێت، ئەوەش بەپێی توێژینەوەكە، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ ‏زیاددەکات. ‏

توێژەرانی سکۆتلەندا تویژینەوەیەکیان ئەنجامداوە، ئاماژە بەوەدەکەن، بەکارهێنانی ‏پاراسیتامۆڵ بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن بەریتانییەکانەوە مەترسیی تووشبوون بە ‏جەڵتەی دڵی لای چوار یەکی بەریتانییەکان زیادکردووە.‏

لەگەڵ ئەوەشدا توێژینەوەکە هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی فشاری خوێنیان هەیە، لە ‏بەکارهێنانی بەردەوامی ئەو حەبە دووربکەونەوە، چونکە دەکرێت بۆیان ببێتە هۆکاری ‏هەواڵی خراپ.‏

هۆشدارییە سەرەكییەكە ئەوەیە، كە بەکارهێنانی ڕۆژانەی دوو حەبی پاراسیتامۆڵ، ‏تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک بەڕێژەی 20% زیاتر دەکات. ‏

توێژەران سوورن لەسەر ئەوەی پێویستە پزیشکان کەمترین ژەمی ئەو ئازارشکێنە بۆ ‏نەخۆشەکانیان دیاریبکەن لە حاڵەتی پێویستبوونیان بۆ کەمکردنەوەی ئازار. ‏

دکتۆر ڕایان ماکنتایەر، کە پزیشکێکی سکۆتلەندییە لەوبارەیەوە دەڵت، “مەترسییەكان ئەو ‏کەسانە ناگرێتەوە، کە بۆ سەرئێشە یان تا، حەبەکە ماوە ماوە بەکاردەهێنن، ئەوە کارێکی ‏باشە و سوودبەخشە، بەڵام بەکارهێنانی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی ئازار لەلایەن ئەوانەی ‏ئازاری درێژخایەنیان هەیە، کارێکی مەترسیدارە”. ‏

توێژینەوەکە لە گۆڤاری ‏Circulationـەوە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا 110 نەخۆش ‏بەشدارییانکردووە، لەناو سەرجەمیاندا بەشێوەیەکی بەرچاو کێشەی بەرزبوونەوەی فشاری ‏خوێن دروستبووە، بەپێی توێژینەوەکە لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆریان بەشێوەیەکی زۆر ‏بەرز فشاری خوێنیان بەرزدەبووەوە، بەڵام لەگەڵ ڕاگرتنی بەکارهێنانی حەبەکەدا فشاری ‏خوێنیان بەخێرایی دەهاتە خوارەوە.‏

پرۆفیسۆر جەیمس دێر لەوبارەیەوە دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی پاراسیتامۆڵ زۆرترین ‏بەکارهێنانی هەیە لە جیهاندا، بەڵام توێژینەوەکە بەڕوونی دەریدەخات، هۆکارە بۆ ‏بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، کە یەکێکە لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی تووشبوون بە جەڵتەی ‏دڵ و مێشک.‏

بابەتی پێشتر

چیرۆکی "هاشم عەزیز" ئەو کوردەی دوای 36 ساڵ تەرمەکەی دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

قائیمقامیەتی سلێمانی: لەبەر دەیان هۆكار باخی گشتی وەك خۆی دەمێنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share