ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕایدەگەیەنێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 32 ڕۆژنامەنوس و هاوكاریان كوژراون و بەمەش ژمارەی كوژراوان لە دە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە 1000 ڕۆژنامەنوس.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی كۆتایی هێنان بە دەربازبوون لە سزا تایبەت بەو تاوانانەی دەرهەق بە ڕۆژنامەنوسان دەكرێت، كە ساڵانە لە 2ی تشرینی دووەم یادی دەكرێتەوە، ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور داواكارییەكەی خۆی لە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دووبارەكردەوە دەربارەی دامەزراندنی پۆستێك بەناوی “نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە سەلامەتی ڕۆژنامەنوسان”.
بەپێی ڕێكخراوەكە لە ساڵی 2019دا 49 ڕۆژنامەنوس لەسەر ئاستی جیهان كوژراون و ئەو ژمارەیەش كەمترە لەوەی لە ساڵی 2018دا تۆماركراوە، كوژرانی ڕۆژنامەنوسان لەو ناوچانەی ململانێیان تێدایە كەمیكردووە، بەهۆی ئەوەی چونیان بۆ ئەو ناوچانە زۆر كەمیكردووە.
تێبینی كەمبوونەوەی ژمارەكەش كرا لە ساڵی 2020دا كە تیایدا 29 ڕۆژنامەنوس و سێ هاوكاری میدیاكان كوژران، كە هۆكارەكەی كەمتر چوونی ڕۆژنامەنوسانە بۆ مەیدانەكانی جەنگ و ڕوبەڕوبوونەوە، لەسایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك ئەوەی ڕێكخراوەكە ئاماژەی پێداوە كە ئاماری كۆتایی ساڵانە لە دواڕۆژەكانی كانونی یەكەم بڵاودەكاتەوە.
ڕێكخراوەكە ئەوەشی خستەڕوو، هەزار ڕۆژنامەنوس لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا كوژران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەش لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەكراوە و سزا نەدراون، تەنانەت بەدواداچوونیش لە زۆرێك لە حاڵەتەكاندا نەكراوە.
لای خۆیەوە یەكێتیی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی بۆ ئیدانەكردنی ئەوانەی فەرمان بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە ڕۆژنامەنوسان دەكەن و تائێستا بێ سزا ماونەتەوە ئەنجامدا، ئەمەش بۆ هاندانی حكومەتەكان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بە مەبەستی كۆتایی هێنان بە دەربازبوون لە سزا و پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەنوسی.