بەشیر حەداد: ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغداد تەنها واژووکردنی ماوە

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لە ڕێککەوتنی کۆتایی نزیکن، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک لە عێراقدا کۆنکرێتی و درێژخایەن نابێت.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 2ی تشرینی دووەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە هەولێر ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد گەیشتووەتە ئاستێکی باش، لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە و ئیرادەیەکی جددی لە هەردوولادا هەیە بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەم سەردانە دواییانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا بۆ بەغداد سەردانی ئیجابی بوون، ڕێککەوتن لەسەر زۆربەی خاڵەکان کراوە، تەنها ماوە کە وەک چوارچێوەیەکی کۆتایی ئیمزای لەسەر بکرێت.

لە وەڵامی ئەوەی بۆچی هێشتا واژوو نەکراوە بەشیر حەداد وتی، “بەهۆی پەتای کۆرۆنا و خۆپیشاندانەکان کە لە بەغداد هەبوو نەتوانرا ئەم ڕێککەوتنە واژوو بکرێت، بەڵام پێموایە ئێستا بارودۆخێکی ئیجابی باش لەنێوان هەردوولادا هەیە، ئەو 320 ملیار دینارەی بڕیاری لێدراوە تا کۆتایی ساڵی 2020 دێت بۆ هەرێمی کوردستان ئەو یەک دوو مانگەش کە دوادەکەوێت هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەغدا مووچەی خۆی دوادەکەوێت، کەی مووچەی عێراق دابەشکرا ئەوکات 320 ملیارەکەی کوردستانیش دەگات”.

دەربارەی ئەوەی کەی ڕێککەوتنی کۆتایی و درێژخایەن لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد دەکرێت، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، “لە عێراق بڕیاری کۆنکرێتی نییە لەبەرئەوەی بارودۆخی سیاسی و بارودۆخی ئەمنی هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە، لەبەرئەوە ناتوانین بڵێین ئەو ڕێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغداد ڕێککەوتنێکی درێژمەودای هەتاهەتایی دەبێت، دەتوانین بڵێین لەهەر حکومەتێکدا جۆرێک لە ڕێککەوتن هەیە و ئێمەش تەمەننای ئەوە دەکەین و داوای ئەوە دەکەین کە ڕێککەوتنێکی ستراتیجی بوایە و لە گۆڕانکاری حکومەتەکان گۆڕانکاری بەسەر ڕێککەوتنەکان نەهاتایە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئەقڵییەتەی لە بەغداد هەیە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەپێی دەستوور ڕێککەوتنی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، بۆیە ناچارین لەگەڵ هەر حکومەتێک رێککەوتنێک ئەنجام بدرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، “لەگەڵ ئەم حکومەتەی کازمیدا، ئێستا ڕێککەوتنێکی باش هەیە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە و دەکرێت ئەو سێ مانگە ئاوا بڕوات و بۆ بودجەی 2021یش ڕێککەوتنێکی دیکەی تۆکمە هەیە کە مافەکانی کوردی تیادا پارێزراوە”.

دەربارەی داواکاری حکومەتی عێراق بۆ قەرزی نێودەوڵەتی حەداد ئەوەی ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی دارایی داوایکردووە زۆرە، 41 تریلیۆن دینارە، ئێمە بڕیارمان وایە کە ئەوەندەی پێویستە ئەوەندەیان بۆ سەرف بکرێت، ئەوەندەی من ئاگاداربم لە 10 تاوەکو 20 تریلیۆنیان بۆ سەرف دەکرێت.

 

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێكی ڕوسی: ئەمریكا ناتوانێت ڕكابەرییەكی شەریفانەی بەرهەمەكانی ڕوسیا بكات

بابەتی دواتر

لۆكاشینكۆ بۆ ماكرۆن: نێوەندگیری لەنێوان تۆ و مسوڵمانان دا دەكەم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share