ئەلقوڕەیشی.. ئەو سەركردەیەی داعش كە ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە كوشتن و بە كۆیلەكردنی سێكسیدا

ئەبو ئیبراهیم هاشمی ئەلقوڕەیشی سەركردەكەی داعش كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێكی ئەمریكا لە باكووری سوریا خۆی تەقاندەوە، تەنها دوای جێگرتنەوەی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی پێشووی داعش لەدوای كوژرانی ناوبراوەوە ناوی بڵاوبووەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ زانیاریی زۆر لەبارەیەوە ئاشكرانەكرابوون و ژیان و ڕابردووی تا ڕادەیەكی زۆر بە تەمومژاوی مابوونەوە.

ئەلقوڕەیشی توركمانێكی سوننەمەزهەبی لەدایكبووی ساڵی 1976ی شارۆچكەی تەلەعفەری زۆرینە توركماننشینی نەینەوایە، كە زۆرینەیان شیعەمەزهەبن، وەك میدیای خۆرئاوا دەڵێت، بە چەندین ناسناو بانگدەكرا، لەوانە “پرۆفیسۆر” و “وێرانكەر”.

ئەلقوڕەیشی دەرچووی كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی موسڵ بوو، سەربازێكی سوپاكەی سەدام حسێن بووە و دوای ڕووخاندنی ڕژێمەكەی سەدام لە ساڵی 2003دا، چووەتە ناو ڕێكخراوی ئەلقاعیدەوە و دوای ماوەیەك بووە بە كاربەدەستی ئایینی و یاساناسی شەرعیی گشتیی ڕێكخراوەكە.

ساڵی 2004 ئەمریكییەكان ئەلقوڕەیشی-یان دەستگیركردووە و ڕەوانەی گرتووخانەی بوكا-یان كردووە، لەوێ چاوی بە ئەبوبەكر بەغدادی دەكەوێت و یەكتردەناسن و دەكەوێتە ژێر كاریگەریی بیروباوەڕی بەغدادییەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەبارەی ئەلقوڕەیشی-یەوە بڵاویكردووەتەوە، دوای ئازادكردنی ئەلقوڕەیشی و بەغدادی و كاتێك لە ساڵی 2010دا دووەمیان سەركردایەتیكردنی باڵی عێراقی ڕێكخراوی ئەلقاعیدەی پێدەسپێردرێت، یەكەمیان پشتیوان و هاوڕێگەی دەبێت، دواتر لە ئەلقاعیدە جیابوونەتەوە و پێكەوە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام “داعش”یان دامەزراندووە. دڵسۆزیی ئەلقوڕەیشی بۆ بەغدادی و دڵڕەقی و سڵنەكردنەوەی لە لەناوبردنی نەیارەكانی بەغدادی-دا، وادەكات ئەلقوڕەیشی متمانەی خەلیفەكەی داعش و چەكدارانی ڕێكخراوەكە بەدەستبهێنێت.

جین پییەر فیلیو شیكەرەوە لە زانكۆی ساینس پۆ لە پاریس، زانیاری لەبارەی كارەكانی ئەبو ئیبراهیم هاشمی ئەلقوڕەیشی لەناو داعش و دڕندەیی ناوبراو ئاشكراكردووە و دەڵێت، ئەلقوڕەیشی ڕۆڵی سەرەكی و گەورەی هەبووە لە پاكتاوكردنی ئێزیدییەكان و كۆمەڵكوژكردن و دەركردنیان لە زێدی خۆیان و كردنی ژنان و كچان بە كۆیلەی سێكسی.

بابەتی پێشتر

نەتەوەیەکگرتووەکان داوای دەستگیرکردنی بکوژی گەنجەکەی دهۆک دەکات

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ خوێندکاران: ڕێگرییەکان هەرچییەک بن من برا و پشتیوانتانم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share