حكومەت پارەی كۆكردنەوەی خاشاكی لە سلێمانی ڕاگرتووە و زبڵێكی زۆر كۆبووەتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی چوار مانگە شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی ‏كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سلێمانیی خەرجنەكردووە، ئەوانیش مانیانگرتووە و ‏ئەنجامەكەی كۆبوونەوەی بڕێكی زۆری پاشماوە و خاشاكە لە گەڕەك و شەقامەكانی ‏شارەكەدا.‏

ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەو كۆمپانیایانەی ئەركیان كۆكردنەوەی خاشاكە لە سلێمانی، ‏كاركردنیان ڕاگرتووە و ئەوەش بووەتەهۆی كۆبوونەوەی بڕێكی زۆری خۆڵ و خاشاك لە ‏گەڕەك و بەشێك لە شوێنە گشتییەكانی شاری سلێمانی-دا.‏

نزار كەمال بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی سلێمانی لەبارەی ئەو ‏گرفتەوە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دوا و ڕایگەیاند، لە سلێمانی دوو كۆمپانیا ئەركی ‏كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكیان لەئەستۆدایە، لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی ‏بڕیاری دابوو مانگانە 60%ی شایستە داراییەكانیان خەرجبكات، بەڵام ئێستا ئەو بڕیارە ‏ڕاگیراوە و ماوەی چوار مانگە شایستە داراییەكانی ئەو دوو كۆمپانیایە خەرجنەكراون.‏

وەزارەتی دارایی پێیوتوون، لە دوای دابەشكردنی مووچە، شایستە داراییەكانیان ‏خەرجدەكات، بەڵام مانگانە دابەشكردنی مووچە نزیكەی مانگێك دەخایەنێت و لەنێوان ‏كۆتاییهاتنی مووچە دابەشكردنێك و دابەشكردنی مووچەی مانگی دواتردا، كاتێك بۆ ‏خەرجكردنی شایستە داراییەكانی ئەو كۆمپانیایانە نەهڵێدراوەتەوە.‏

بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی سلێمانی، باسی لە دەرئەنجامە خراپەكانی ‏مانگرتنی ئەو كۆمپانیایانە لەسەر ژیانی هاوڵاتییان و پیسكردنی ژینگە كرد و وتی، “ئێستا ‏بڕێكی زۆری خۆڵ و خاشاك لەناو گەڕەكەكان و سەر شەقام و بەشێك لە شوێنە گشتییەكان ‏كۆبووەتەوە و ئەوەش گرفتی دروستكردووە و ژینگە پیسدەكات”.‏

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی “پاڤێڵ عەبدولڕەحمان” پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستادا كە ‏بۆچی شارەوانیی سلێمانی لەم دۆخەدا ئەركەكە ناخاتە ئەستۆی خۆی و خاشاكی شار ‏كۆناكاتەوە؟ نزار كەمال وتی، “ئامێرەكانمان كەمن و تەنها دەتوانین خۆڵ و خاشاكی سەر ‏شەقامە گشتییەكان كۆبكەینەوە و توانای پاككردنەوەی ناو گەڕەكەكانمان نییە”.‏

ماوەیەكە لە چەند پرسێكدا حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، جیاوازی ‏لەنێوان سلێمانی و پارێزگاكانی تردا دەكەن، مانگی ڕابردوو كارەبای نیشتمانیی كەمتر ‏دراوە بە سلێمانی، غازی ماڵان كەمتر لە نیوەی پێویست دەگاتە پارێزگاكە، لە دابەشكردنی ‏نەوتی سپیدا حكومەت نیوەی بڕی دابەشكراوی لە هەولێر داوە بە سلێمانی (34 ملیۆن ‏لیتر، بە 17 ملیۆن لیتر)، ئەمە جگە لەوەی ئەو بەنزینەی حكومەت دەیدات بە كۆمپانیای ‏كار و دەیپاڵێوێت، یەك لیتری لێنادرێت بە سلێمانی.‏

بابەتی پێشتر

پشكەكانی بەڕێژەی 22% دابەزیون.. مێتا 200 ملیار دۆلاری بەهاكەی لەدەستدا

بابەتی دواتر

یونسێف: 52 منداڵ لە 2021دا بە تەقەمەنی لە عێراق كوژراون و 73ـش "كەمئەندام" بوون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سلێمانی تەقەکەرێک دەستگیرکرا

لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانییەوە تەقەكەرێك دەستگیركرا و دەستیشگیرا بەسەر ئەو چەكەی تەقەی پێكردبوو. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی…
Total
0
Share