عێراق.. هاوسەرگیریی منداڵان لە کامپەکاندا لەئاستێکی بەرزدایە

هاوسەرگیریپێکردنی کچانی منداڵ لەلایەن ئەو خێزانە عێراقییانەی لە کامپەکاندا دەژین، یەکێکە لە دیارترین ئەو کێشانەی لەم ساڵانەی دواییدا عێراق بەخۆیەوە بینیونی، هۆکارەکەشی بۆ خراپیی دۆخی دارایی ئەو خێزانانە و هەوڵدان بۆ کەمكردنەوەی ئەندامێکی خێزانەکەیان دەگەڕێتەوە.

لەگەڵ بوونی ژمارەیەک هۆکاری جیاواز بۆ بەردەوامیی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییانە، پرۆسەکە لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لەو دیاردەیە لەلایەن لایەنە حکومی و ڕێکخراو و کۆمەڵە ناحکومییەکانەوە، ئاماژە بۆ مەترسیداریی ئەو دیاردەیە دەکەن لەسەر کۆمەڵگا و بە هەڕەشەیەکی مەترسیداری دادەنێن.

دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان دیاردەیەکی نوێ نییە لە عێراق، لە ڕابردوودا لە گوندەکان و ناو خێڵەکاندا بەشێوەیەکی بەربڵاو هەبووە، بەڵام لە ماوەی بەر لە دروستبوونی داعش و ئاوارەبوون و دروستکردنی کامپی ئاوارەکاندا، ئەو دیاردەیە بەرەو کەمبوونەوە چووبوو، بۆ زیاتر لە حەوت ساڵ دەبێت لەدوای دروستبوونەوەی کامپەکان دیاردەکە جارێکی دیکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

سەعدون حامد، کە لە کامپی ئاوارەکانی موسڵ نیشتەجێبووە، هاوسەرگیری بە کچە منداڵەکەی کردووە و وەک خۆی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی داهاتوویان نادیارە لە گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان و بەهۆی نەخۆشییەوە توانای کارکردن و بەخێوکردنی خێزانەكەی نەبووە.

سەعدون دەڵێت، خۆم تەمەنم 57 ساڵە کچەکەم کاتێک هاوسەرگیریکرد سێ ساڵ بەر لە ئێستابوو کە تەمەنی تەنها 15 ساڵ بوو، هاوسەرەکەی 15 ساڵ لە کچەکەم گەورەترە و ئێستا خاوەنی منداڵێکە، بەڵام ئەو ئاسوودە نییە چونکە لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریکردووە و بەرپرسیارێتییەکی قورسی لەئەستۆگرتووە.

بەشێکی زۆری دانیشتووانی کامپەکە ئەو کارەی سەعدون حامد ئەنجامیداوە بە کارێکی دروست دادەنێن و زۆرینەیان هەوڵدەدەن کچەکانیان لەکاتێکی زوودا هاوسەرگیریبکەن تاوەکو ژیانیان دابینبکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تێچووی ئەندامێکی خێزانەکەیان کەمبکەنەوە.

ئەوان پێیانوایە کچەکانیان لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریبکەن باشترە وەک لەوەی لەناو کامپەکاندا گەورەببن و ڕووبەڕووی ستەم و نادادپەروەری ببنەوە، ئەوان بە هاوسەرگیرییان دەتوانن لە ماڵێکی سەلامەت و لە زستاندا لە ماڵێکی گەرم و لە هاویندا لە ژیانێکی گونجاودا بن نەک لە سەرمای سەخت و گەرمای توندی کامپەکان.

سەلما ئەحمەد چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و منداڵان بە میدیا عێراقییەکانی وتووە، “لە بەدواداچوونەکانماندا دەرکەوتووە بەر لە ساڵی 2014 زۆرترین ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان لە گوندەکاندا بووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2014ـەوە ئەو دیاردەیە لە کامپەکاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە”. هەروەها “بە هەڵەیەکی گەورە و پاڵنەری کێشەی زۆر” ناویبردووە.

بەپێی یاسای عێراقی تەمەنی هاوسەرگیری بە 18 ساڵ بۆ سەرەوە دیاریکراوە، بەڵام ماددەی هەشتی یاساکە ڕێگەی بە هاوسەرگیری داوە لە دوای تەواوکردنی تەمەنی 15 ساڵ، بە مەرجی وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادگا و بەخێوکەر.

بابەتی پێشتر

کەلار.. تەرمی گەنجێک دۆزرایەوە کە بە بلۆک کوژرابوو

بابەتی دواتر

پێرێز چاوی لە یاریزانە بێبەرامبەرەکانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share