یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بۆندێکی بۆ ماوەی 25 ساڵ لەگەڵ کۆمپانیای “لێجێندز”ی ئەمریکی واژووکردووە، بەهۆیەوە ساڵانە داهاتی 400 ملیۆن یورۆ بۆ یانەکە دەستەبەردەکات.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی “ڤۆکس پۆپولی” ئیسپانی، کۆمپانیای لێجێندز وەک بەڕێوەبەری پڕۆژەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەستبەکاردەبێت، بەو مەرجەی داهاتی ساڵانە لەنێوان 400 بۆ 440 ملیۆن یورۆ بۆ یانەکە مسۆگەربکات، لەو بڕەش لەسەدا 20ی بۆ کۆمپانیاکە دەبێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ئیدارەی یانەکە دەبێت.
یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە قۆناغی نۆژەنکردنەوەدایە و تێچووەکەی گەیشتووەتە 800 ملیۆن یورۆ، تاوەکو 2023 پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە کۆتاییدێت.
یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی شاهانە، لە ساڵی 2023دا دەبێتە تاکە یاریگای بواری تۆپی پێ، کە سەقفی پۆڵایینی دەبێت، هەروەها تەکنەلۆژیای نوێی تێدا بەکاردەخرێت.
جگە لە دیزاین و ڕووکاری یاریگاکە، چەندین ڕێستورانت و کافتریا و جێگەی حەوانەوە بۆ هاندەران و کەسانی ناودار تەرخاندەکرێن، تەنانەت فریزی یاریگا دەکرێت ڕابکێشرێتە دەرەوەی لاکێشەی یاریگاکە و لەجێگەی فریزی وەرزشەکانی دیکە، یاخود تارتانی یاریگای باسکەی تیادا بچەسپێنرێت، تەنانەت بەکاردەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی چەندین کۆڕ و کۆنگرەی گەورەی بازرگانی و بۆنە سیاسییەکان.