بۆچی بایرن و پاریس بەشداری کودەتای 12 یانەکەیان نەکردووە؟

یانەکانی پاریس و بایرن لەبەر هۆکاری تایبەت بەشداری خولی سوپەری ئەوروپی ناکەن

12 یانەی گەورەی ئەوروپا کودەتای کارگێڕییان بەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپادا کردووە و خولێکی نوێیان لەژێر ناوی “سوپەرلیگ ئەوروپا” ڕاگەیاندووە، کە هاوتای چامپیۆنزلیگە و بەهێزتریش، بەڵام ئەوەی سەیرە یانەکانی پاریس سان جێرمان و بایرن میونشن بەشدارییان لە کودەتاکەدا نەکردووە.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کە یانەی بایرن میونشن و بوروسیا دۆرتمۆند و تەواوی یانەکانی ئەڵمانیا لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان و تەنانەت پێشنیازکردنی بیرۆکەی خولی سوپەرلیگی ئەوروپی لە دژی وەستاونەتەوە، پێیان وایە دابەشکاری و بۆشایی نێوان یانەکان زیادتردەکات.

لەبەر ئەم هۆکارە هەردوو یانەی بایرن و دۆرتمۆند بەشداریکردنیان لە سوپەرلیگ ڕەتکردووەتەوە، بەهەمان شێوە یانەکانی دیکەی خولی ئەڵمانیا.

لەلایەکی دیکەوە یانەی پاریس سان جێرمان و یانەکانی دیکەی فەرەنسا لە دژی کودەتای 12 یانەکە وەستاونەتەوە، پێیان وایە ئەوەی ڕوودەدات لەڕووی کارگێڕی و داراییەوە لە بەرژەوەندی تۆپی پێی ئەوروپا نییە.

سەرۆکی پاریس، ناسڕ خلێفی بە ئەگەرێکی زۆرەوە جێگەی ئەندریا ئانێلی سەرۆکی یوڤانتۆس دەگرێتەوە لە پۆستی سەرۆکی ڕایەڵەی یانەکانی ئەوروپا، جگە لەوە تۆڕی “بی ئین سپۆرتس”ی قەتەری کە خاوەنداریەتیەکەی بۆ هەمان کەسایەتی دەگەڕێتەوە تاوەکو چەندین وەرز بۆندی لەگەڵ یوێفا واژووکردووە، سەرباری هەموو ئەوانەش حکومەتی فەرەنسا لەپشتی بیرۆکەی سوپەرلیگ نییە و پێیان وایە، تێکدانی چامپیۆنزلیگ تێکدانی کلتوری فەرەنسی خولەکەیە، بەوپێیەی لە 1954 لەلایەن ڤنسنت دولوکی ڕۆژنامەنوسەوە پێشنیازکراوە، کە ڕۆژنامەنوسێکی فەرەنسییە.

بابەتی پێشتر

یەکێتی و پارتی لە گفتوگۆی لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژئاوا ئاگاداردەکرێنەوە

بابەتی دواتر

پشکی یانەکان بەرزبووەتەوە و 12 یانە گەورەکە بارانی دۆلار بەسەریاندا دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share