ناكۆكی كەوتووەتە نێوان ئەمریكا و ئۆكرانیاوە و سەرۆكی دووەمیان دەڵێت، بایدن بەمەبەست ترسی داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕوسیاوە گەورە نیشاندەدات.
لە ماوەی ڕابردوودا ڤلادیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا هۆشداری دەدا بەوەی ڕوسیا دەیەوێت وڵاتەكەی داگیربكات، ئەوەش ئەمریكا و ئەوروپای هێنایەسەر هێڵ و واشنتن هەڕەشە دەكات بەوەی پەرچەكرداری دەبێت و بەرگری لە ئۆكرانیا دەكات.
ماڵپەڕی “Politico”ی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، ئێستا سەرۆكی ئۆكرانیا بۆچوونی گۆڕیوە و ئاستی مەترسیی هێرشی ڕوسیای نزمكردووەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو ئەمریكا فەرمانی بە دیپلۆماتكارانی خۆی لە ئۆكرانیا كرد ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و ڕایگەیاند، لە هەر ساتێكدا ئەگەری هێرشكردنی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا لەئارادایە.
بەپێی ماڵپەڕە ئەمریكییەكە، ئەو بڕیارەی ئەمریكا سەرۆكی ئۆكرانیای نیگەرانكردووە و گرژی لە بازاڕی دراوی ئۆكرانیا و دڵەڕاوكێی لەنێو دانیشتوواندا دروستكردووە.
زیلینسكی ناڕەزایی دەربڕیوە لە سیاسەتی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و دەڵێت، دەستپێكردنی دوورخستنەوەی دیپلۆماتكاران لەلایەن ئەمریكا و بەریتانیاوە هەڵەیە و داوایكرد “تۆقاندن لەنێو خەڵكی وڵاتەكەیدا بڵاونەكەنەوە و زیان بە ئابورییەكەی نەگەیەنن”.
سەرچاوەكان دەڵێن، زیلینسكی پێیوایە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بەمەبەست ئەو ترسە گەورەدەكات كە دەوترێت ڕوسیا بەنیازە هێرشبكاتەسەر ئۆكرانیا.
ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە لە بەرامبەر ئەو گۆڕانەی لە هەڵوێستی سەرۆكی ئۆكرانیادا هاتووەتەئاراوە، واشنتن تووڕەیە و “ئارامیی بەرەو كۆتایی دەڕوات”.