پێنج هۆكار پاڵنەرن
نرخی نەوت 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك تێدەپەڕێنێت

نرخی نەوت بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی ڕابردووی تۆماركرد هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست و كەمبوونەوەی ئەمبارەكان، ئەمەش بارگرانی بۆسەر شانی بەكاربەران زیاددەكات، لەگەڵ بەردەوامیی ئەو قەیرانەدا پێشبینیدەكرێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بگات بە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.

دوێنێ نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەمەش وەك دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 لێكدرایەوە لە سایەی زیادبوونی خواست و كەمبوونەوەی مەترسییەكان سەبارەت بە توانا و بەردەوامیی كاریگەریی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن بۆسەر ئابوریی جیهان.

لە هەفتەی ڕابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت بەربەستی 88 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێك تێپەڕاند بۆ یەكەمجار لە حەوت ساڵی ڕابردوودا، نرخی خاوی ڕۆژئاوای تەكساس-یش بەربەستی 86 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێك تێپەڕاند.

لەو چێوەیەدا، شیكەرەوان و شارەزایانی بانكی وەبەرهێنانی ئەمریكی گۆڵدمان ساكس پێشبینیدەكەن نرخی نەوت لەمساڵدا بەربەستی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك تێبپەڕێنێت.

سایتی DWی ئەڵمانی لە زاری ئیدوارد مۆیا، گەورە شیكەرەوەی بازاڕ لە كۆمپانیای ئاواندا وتی، كەرتی وزە لەبەردەم گەیشتنی نرخی نەوتدایە بۆ 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، دوای ئەوەی وادەردەكەوێت كە خواست لەسەر نەوتی خاو دەچێتەوە سەر ڕێچكەی ڕاستی خۆی، ئەو ئاستەی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا هەیبوو، هەروەك پێشبینیدەكرێت زیادبوونی بەرهەم تا كۆتایی ئەمساڵ هیچ بژاردەیەكی پێچەوانەی هەبێت.

شارەزایان پێیانوایە پێنج هۆكاری سەرەكی هەن لەپشت پێشبینییەكان بۆ تێپەڕاندنی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، ئەوانیش:

بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەوت
جیهان بەرزبوونەوەی خواستی لەسەر نەوت بەخۆیەوە بینییەوە سەرەڕای بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوچە جیاوازەكانی جیهاندا، دوای ئەوەی دەركەوت گۆڕاوی ئۆمیكرۆن نابێتە بەربەستێكی گەورە بۆ كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت وەك ئەوەی لە سەرەتادا پێشبینیدەكرا.

سەرەڕای ئەوەی جموجوڵی گەشت و فڕۆكەخانەكان نەگەیشتووەتەوە ئاستی بەر لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، بەڵام بەشێوەیەكی بەرچاو بە جێگیری لە بەردەم بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ئۆمیكرۆندا تائێستا ماوەتەوە، ئەمەش وایكردووە خواست لەسەر سووتەمەنیی فڕۆكە لە ئەوروپا ڕوو لە زیادبوون بكات.

بەربەستەكانی بەردەم زیادبوونی خستنەڕوو
پچڕانە لەناكاوەكانی خستنەڕووی نەوت لە لیبیا، كازاخستان و ئیكوادۆر بوونەهۆی كەمبوونەوەی ڕێژەی خراوەڕووی ئێستای نەوت و غاز، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی قەیرانی كەمیی خستنەڕوو و زیادبوونی پشتیوانییەكان لەهەر كاتێكی نزیكدا چارەنابێت.

ناكۆكییەكانی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا
سەرەڕای ئەو هۆكارانەی شارەزایان پێشبینییان كردوون بۆ تێپەڕاندنی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار، ناكۆكییە سیاسییەكان لە جیهاندا بەتایبەت زیادبوونی بارگرژییەكانی نێوان ڕوسیا لەلایەك و ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەوروپا لەلایەكی دیكە بەهۆی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیاوە هۆكارێكی دیكەیە.

ئەم پرسە، بەتایبەت ئەگەر ڕوسیا هەنگاو بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا بنێت، مەترسیی گەورە دەبێت لەسەر بازاڕی نەوت.

لادیۆ جالیمبیرتی، جێگری سەرۆكی شیكاریی یەكەم لە كۆمپانیای (ریستاد ئینرجی)ی ڕاوێژكاری دەڵێت، هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی غازی سروشتی و كەرتی نەوتیش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كاریگەر دەبێت پێی، بەهۆی گۆڕان لە غاز بۆ نەوت بۆ بەرهەمهێنانی وزە.

ناكۆكییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
پرسەكە تەنها ناكۆكییەكانی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا كاریگەریی لەسەر دروستناكات، بەڵكو قەیرانە سیاسییەكان كە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادان كاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوت هەیە كە بەشێوەیەكی تایبەت هەستیارە بە ناكۆكییە جیۆسیاسییەكانەوە.

ئەگەر دۆخی دژواری سیاسی لە كازاخستان و لیبیا، كە دوو گەورە وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتن لە جیهاندا بەو شێوەیە بەردەوام ببێت، نرخی نەوت زیاددەكات.

دەستەبەركردنی نەوت لەلایەن ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەهەمان شێوە لەبەردەم مەترسیدا دەبێت ئەگەر ناكۆكییەكانی نێوان سعودیە و ئێران ڕوو لە زیادبوون بكەن، دوای ئەو هێرشەی لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە لەلایەن گروپە حوسییەكانی پشتیوانكراو لەلایەن ئێرانەوە كرایەسەر ئیمارات.

ئیدوارد مۆیا، گەورە شیكەرەوەی بازاڕ لە كۆمپانیای ئاواندا دەڵێت، بارگرژییە جیۆسیاسییەكان وەك كاتی جۆكەرن سەبارەت بە نرخی نەوتی خاو، بەهۆی ئەوەی پیشبینیدەكرێت هاندەری سەرەكی بن بۆ بەرزبوونەوەی نرخ بەرەو بەرزتر.

جادووی وۆڵ ستریت
خافیێر بلاس، شیكەرەوەی ئابوری لە ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاند، تەنها تێپەڕاندنی نرخی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێكی نەوت، دەبێتە هاندەری ئاڵوگۆڕكاران لە وۆڵ ستریت ئەوانەی دواجار نرخی نەوت بۆ زیاتر لە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزدەكەنەوە.

بلاس لە وتارێكدا دەڵێت، “پرسە پەیوەندیدارەكانی وەك بنەمای خستنەڕوو و خواست دەبنە هاندەری نرخی نەوت وەك پلانی بەرهەمهێنانی (ئۆپیك پڵەس) و پرسەكانی پەیوەندیدار بە بازاڕ و گواستنەوە بە ئۆتۆمبێل لە ئەمریكا كە بە خاوەن زۆرترین گرنگی دادەنرێت.. ئەمە ئەو كاتەیە كە هێزی جادوویی وۆڵ ستریت تیایدا دەردەكەوێت بە مانای بەرزكردنەوە یان دابەزاندنی نرخەكان. وا پێدەچێت بازاڕی نەوت لە لێواری بینینی ئەم جۆرە ساتانەدا بێت”.

بابەتی پێشتر

پەیامی ناڕاستەوخۆی مالكی بۆ سەدر: دەستم درێژكراوە و لەگەڵ بەكەسیكردنی ململانێدا نیم

بابەتی دواتر

پێشمەرگەیەک لەکاتی وەرگرتنی مووچەکەیدا بڕێک پارەی زیادە دەگەڕێنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share