ئەمریكا: هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا تا ناوەڕاستی شوبات ڕوودەدات

ئەمریكا دەڵێت، ئاماژە هەن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ئاماژە هەیە بەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا تا ناوەڕاستی شوباتی داهاتوو هێز دژی ئۆكرانیا بەكاردەهێنێت.

ویندی شیرمان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، هیچ بیرۆكەیەكم نییە دەربارەی ئەوەی بڕیاری كۆتایی درابێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبینین كە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن هێزی سەربازی بەكاردەهێنرێت لەماوەیەكدا كە ڕەنگە لەئێستاوە دەستپێبكات تا ناوەڕاستی شوبات.

شیرمان وتیشی، “ڕوسیا ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لەسەر سنووری ئۆكرانیا زیادكردووە، بەبێ پێشكەشكردنی هیچ بەڵگەیەك كە لێدوانەكانیان بسەلمێنێت”.

پێشتریش دەسەڵاتدارانی كیێف و حكومەتی بەریتانیا و ئیدارەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی سووربوونی خۆیان دووپاتكردەوە بەوەی ڕوسیا هێزێكی گەورەی كۆكردووەتەوە كە ژمارەیان دەگاتە 100 هەزار سەرباز لە نزیك سنوورەكانی ئۆكرانیا وەك “ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی داگیركارییەكی نوێ”ی خاكی ئۆكرانیا.

لە بەرامبەردا ڕوسیا چەندین جار دووپاتیكردووەتەوە كە هیچ نیازێكی نییە بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە پڕۆسەیەكی سەربازی بۆسەر ئۆكرانیا، جەختیشدەكاتەوە كە ئەو جۆرە هەواڵانە ناڕاستن و ئامانج لێیان زیادكردنی بارگرژییەكانی ناوچەكە و وروژاندنی وتاری دژ بە ڕوسیایە وەك ئامادەكارییەك بۆ سزای ئابوریی نوێ و بیانوویەك بۆ فراوانبوونی قەڵەمڕەویی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتدا، ئەو پرسەی مۆسكۆ دژایەتی خۆی بۆ دەربڕیوە و دەڵێت، هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی ڕوسیا.

س: ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت بەرزترین ئاست لە 2014ەوە تۆماردەكات

بابەتی دواتر

ترەمپ خۆی بە "سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا" ناودەبات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share