چاودێران دەڵێن نەوەی نوێی داعش چالاكبووە و ئێستا بەشداریی شەڕەكان دەكات، ئەم نەوەیە مەترسیدارترە و شێوازی هێرش و شەڕكردنی گۆڕیوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ڕاپۆرتێكی لەبارەی چالاكی و هێرشەكانی ئەمدواییەی داعش لە عێراق و ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا بڵاوكردووەتەوە و پشتبەست بە زانیاری و شیكاریی دوو شارەزا دەڵێت، داعش مەترسیدارتر لە سەرەتا سەریهەڵداوەتەوە و ئێستا نەوەی نوێی چەكدارەكانی ڕەوانەی بەرەكانی شەڕ دەكات.
دوای هێرشەكانی داعش بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و لە ڕۆژئاوای كوردستانیش بۆسەر گرتووخانەی غوێران، ئەو پرسیارە هاتووەتە ئاراوە كە ڕێكخراوەكە چۆن خۆی ڕێكخستووەتەوە و توانا سەربازییەكانی پەرەپێداوە؟ لەكاتێكدا شەڕی چەند ساڵە ئەو ڕێكخراوەی شەكەتكردبوو.
كاوە حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە ناوەندی ستیمسۆن لە واشنتن قسەی بۆ ڕۆژنامەكە كردووە و ڕایگەیاندووە، “هێرشەكانی ئەمدواییەی داعش، زەنگێكن بۆ یاریكەرانی هەرێمی و ناوخۆ تاوەكو بەئاگابێنەوە، داعش كۆتایینەهاتووە و شەڕ تەواونەبووە”.
ئەو دەڵێت، “توانای خۆڕاگریی داعش لەوەدا دەردەكەوێت كە لە هەر كات و شوێنێكدا خۆی دەستنیشانیان بكات، دەتوانێت گورزبوەشێنێت”.
ئەردیان شاكۆڤسكی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئەمریكی بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر لەبارەی خۆڕێكخستنەوەی داعشەوە لێدوانی بۆ “نیویۆرك تایمز” داوە و ئاشكرایكردووە، زۆرینەی چەكدارانی ئێستای داعش گەنجن.
ڕوونیكردووەتەوە، چەندین چەكداری داعش كە لە شەڕەكانی سێ ساڵی ڕابردوودا دەستگیركراون، تەمەنیان كەمە و لەو خێزانانەن كە ئەندامی بەتەمەنی سەر بە داعشیان هەن.
شاكۆڤسكی دەڵێت، “ئەگەر بابەتەكە بەو جۆرە بێت، ئەمانەی ئێستا نەوەیەكی نوێی چەكدارانی داعشن، نەوەیەك كە شێوازی شەڕكردن دەگۆڕێت و بە چەندین ڕێگا مەترسییەكان زیاتر دەكات”.