گۆچانەكەی دەستی شێخ نەهرۆ بەرەو سیاسەت دەبات یان هەمان ڕۆڵی باوكی؟

شێخ نەهرۆ شێخی تەریقەتی قادریی كەسنەزانی، لەماوەی 24 كاتژمێردا لەگەڵ دوو سەركردەی حزب و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە شێخ نەهرۆش ڕەتی دەكاتەوە كە سەردانەكان مەرامی سیاسییان لە پشتەوە بن.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی تشرینی دووەم، شێخ نەهرۆ كەسنەزانی، شێخی تەریقەتی قادریی كەسنەزانی سەردانی هەریەك لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد، لەوبارەیەوە كەسێكی نزیك لە شێخ نەهرۆ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “شێخ نەهرۆ وەك كەسایەتییەكی ئاینی سەردانی ئەو دۆستانە دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەوان بەشدارییان لە پرسەی شێخ محەمەد كەسنەزانی كردووە و ئەویش وەك وەڵامێك بۆ ئەو هەڵوێستە جوانە سەردانیان دەكاتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەگەر شێخ نەهرۆ پیشتر مەرامی سیاسی هەبوبێت مافی خۆیەتی، بەڵام ئێستا شێخی تەریقەتە و كەسایەتییەكی ئاینییە و هیچ مەرامێكی سیاسیی نییە و مەسەلەكە دۆستایەتییە، لەو كۆبوونەوانەشدا باس لە تەسەوف و تەریقەت و دۆستایەتی و پێكەوەژیان و تەبایی و چارەسەری كێشەكان دەكرێت”.


شێخی تەریقەتی قادری بەنیازی جوڵەی سیاسییە؟
لەبارەی دەنگۆی ئەوەی لە ئاستی عێراقدا و لە ئایندەدا شێخی تەریقەتی قادریی كەسنەزانی بەنیازی جوڵەی سیاسییە، ئەو كەسەی نزیك لە شێخ نەهرۆ ئاشكرایكرد، “ئەوانەی كە باس لەوە دەكەن ‘سەردانەكانی شێخ نەهرۆ سەردانی سیاسین و پەیوەندییان بە ئایندەی سیاسیی عێراقەوە هەیە’ هەڵەن، شتی وا بوونی نییە”.

“شێخ نەهرۆ پێویستی بەو شتانە نییە و شێخی تەریقەتێكی جیهانییە و لە 92 وڵات تەكیەی هەیە، سەرۆكی ڕێبازەكەی ئەو گەورەترە لە پۆستی سەرۆكی كۆمار”، وەك ئەو كەسە نزیكەی شێخ نەهرۆ باسی لێوەكرد.

“سازکردنی کۆنفرانسێک له‌باره‌ی سۆفیگه‌رییه‌وه”
پاش كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێم و شێخ نەهرۆ، لە ڕاگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، “سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان باسی له‌ ڕۆڵی گرنگی سۆفیگه‌ری له‌ میانڕه‌وی و ناتوندوتیژی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌مارگیری و توندڕه‌ویی ئاینی و پێکه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و یه‌کترقبووڵکردن کرد، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ ئه‌رکی قورسی جه‌نابی شێخ و ته‌ریقه‌ت دا و ڕێز و پێزانینی بۆ پێگه‌ و ڕۆڵی شێخ و ته‌ریقه‌ت دووپات کرده‌وه”‌.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم، “شێخ نه‌هرۆ که‌سنه‌زانی، ئاماژه‌ی به‌‌ نیاز و ئاماده‌کارییه‌کان بۆ سازکردنی کۆنفرانسێک له‌باره‌ی سۆفیگه‌رییه‌وه‌ دا، که‌ تیایدا جه‌خت له‌ په‌یامی نه‌رم و میانڕه‌وی و ناتوندوتیژی بکرێته‌وه‌، له‌ هه‌موو شوێنێکه‌وه‌ میوانی بۆ بانگهێشت بکرێت”.

هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان “هه‌موو پشتگیری و هاوکارییه‌کی خۆیان و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانی بۆ نیشان دا”.

دوێنێ دووشەممە 9ی تشرینی دووەم شێخ نەهرۆ كەسنەزانی سەردانی عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كرد و كۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستاش چاوەڕوان دەكرێت سەردانی سەركردە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمیش بكات.

بابەتی پێشتر

گواستنەوەی هەرێم لەسەر كێشەی وەستانی كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێل ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

تەندروستیی جیهانی گەشبینە بە ڤاكسینەكەی كۆمپانیا ئەمریكییەكە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share