وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕوونكردنەوەیەكدا لەبارەی دابەشكردنی چەند جۆرێك كەلوپەل بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعشدا نیگەرانیی دەربڕی و دەڵێت، “شەهیدان و کەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “لەگەڵ ڕێز و پێزانینمان بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مرۆییەکان کە هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری باشی وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگەن، دیارە، ئەمڕۆش ڕێکخراوێکی خێرخوازی جیهانی، لە پڕۆژەیەکدا بڕیاریدا کۆمەڵێک کەلوپەل وەک هاوکاری پێشکەش بە کەسوکار و وارسی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش بكات، تیایدا جۆر و قەبارەی کەرەستەکان گلەیی و نیگەرانیی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی لێکەوتەوە”.
وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، نیگەرانی ئەو ڕوداوەین، شەهیدان و کەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، بەهەموو جۆرێک و بەباشترین شێوە خزمەتی وارسی شەهیدان بکەین”.
پاش ئەوەی ئەمڕۆ ڕێكخراوێك لە هەولێر وەك هاوكاری چەند كەلوپەلێكی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی داعشدا دابەشكرد، كەسوكاری شەهیدان دابەشكردنی “دایبی و نەعل و چەند كەلوپەلێكی تر”یان بە سوكایەتی ناوبرد و هەستان بە سوتاندنی هاوكارییەكان، ئەوەش كاردانەوەی بەدوادا هات.