هێزێكی هاوبەشی عێراق هەڵمەتێكی سەربازیی فراوانی لەدژی چەكدارانی داعش دەستپێكرد و ئامانج لێی دوورخستنەوەی مەترسیی داعشە لە دیالە.
ماوەی چەند ڕۆژێكە چەكدارانی داعش جموجوڵ و چالاكیی سەربازییان دەستپێكردووەتەوە و دوایینیان هێرشەكەی عزێم لە پارێزگای دیالە بوو كە 11 سەرباز و ئەفسەری سوپای عێراقی تیادا كوژران.
هەڵمەتە سەربازییەكە بە بەشداریی سوپای عێراق، هێزی تایبەتی بەرپەرچدانەوەی خێرا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی ئەمڕۆ یەكشەممە بەرپاكراوە، ئامانج لێی دوورخستنەوەی مەترسیی چەكدارەكانی داعشە لە ناوچەكە و ڕێگریكردنە لە گەڕانەوەیان بۆ پارێزگای دیالە و بەتایبەت ناحیەی عزێم.
هاوكات محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕەخنەی لەوانە گرت كە لەڕێگەی “پڕوپاگەندەوە دەیانەوێت یەكڕیزی بشێوێنن” و سوننییەكان تۆمەتباربكەن بە پشتیوانیكردنی گەڕانەوەی داعش و وتی، “ڕووداوەكانی 2014 وانەیەكی كاریگەر بوون و عێراقییەكان بە باشی لێیتێگەیشتن”.
حەلبووسی نووسیویەتی، “داعش ناگەڕێتەوە، تیرۆر بە هەموو شێوەكانییەوە لەناودەچێت، چونكە هیچ شوێن و پەناگەیەكیان لە عێراقێكی سەروەر و سەقامگیر و بەتوانست و گەشەسەندوودا نییە”.