وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا سبەی لە سەرجەم دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتەكەی پشووی فەرمی بێت.
بە بڕیاری ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سبەى پێنجشەمە ڕێکەوتى (2022/1/20) لە سەرجەم دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا و دیوانى وەزارەت و زانکۆکانى (حکومى و تایبەت) لە تەواوى شارەکانى هەرێمى کوردستان پشووى فەرمى دەبێت.
پشووەكە بەهۆی هاتنى شەپۆلێکى دیکەى سەرماوسۆڵە و بەفربارینە لە شارەکانى هەرێمى کوردستان و لەپێناو پاراستنى سەلامەتى گیانى مامۆستا و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیان، وەك ئەوەی لە نوسراوێكی وەزارەتەكەدا هاتووە.
دەشڵێت، سەبارەت بە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانیش، بەڕێوەبەرایەتى ژمێریارى و لیژنەى پەیوەندیدار بە دابەشکردنى مووچە لە وەزارەت و زانکۆکان و دامودەزگاکان دەوامى ئاسایى خۆیان دەکەن بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران بەپێى ئەو ئالیەتەى دایدەنێن، بۆ ئەمەش فەرمانبەران دەتوانن بۆ وەرگرتنى مووچەکانیان سەردانى بەڕێوەبەرایەتى ژمێریارى و لیژنەکانى دابەشکردنى مووچە بکەن.
پێشتریش پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانى خوێندن (زانکۆ، پەیمانگا، قوتابخانە حکومى و ئەهلیەکان) پشووى فەرمى دەبێت.
هەر بەهۆی سەرما و دابەزینی پلەكانی گەرماوە، سبەی لە زانكۆ و پەیمانگە و ناوەندەكانی خوێندن و زۆربەی فەرمانگەكانی پارێزگای دهۆك و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران دەوام ناكرێت و پشووی فەرمی دەبێت.