بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى ئەمڕۆ و سبەینێ ئەگەرى تاوەباران لە ناوچە جیاجیاکان هەیە و پلەى گەرمیش نزمدەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسى و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە زۆربەی کاتەکاندا هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی تاوەباران لە کات و شوێنی جیاجیا، هەندێک جار هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
دەشڵێت، پلەى گەرمى نزم دەبێت بە (4-2) پلەى سیلیزی بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
سەبارەت بە کەشوهەواى سبەینێش بەپێى پێشبینییەکان، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی تاوەباران لە کات و شوێنی جیاجیا، هەندێک جار هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت و، پلەى گەرمیش نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەى گەرمیی ناوچەکانیش بەمجۆرە دەبێت، (هەولێر 33 پلە، سلێمانی 30، دهۆک 30، کەرکوک 35، زاخۆ 31، هەڵەبجە 32، سۆران 28، حاجی ئۆمەران 20 و گەرمیان 36 پلە).