وتەبێژی دەوڵەتی یاسا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بارزانی و عامری بۆ “ئێستا” ئاشكرادەكات

وتەبێژی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نوری مالكی كە پێكهێنەرێكی سەرەكیی چێوەی هەماهەنگیی شیعییەكانە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی هادی عامری وەك نوێنەری چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ بارزانی ئاشكرادەكات و دەڵێت، داوایان لێكردووە پشتیوانیی لایەنێكی شیعی نەكات دژ بە لایەنێكی تر. ئەو ڕەتیدەكاتەوە سەدر توانیبێتی ڕیزەكانیان پەرتبكات و دەڵێت، “یەكدەنگ و یەكگرتووین”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و یەكێك لە سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی، سەردانی پیرمام-ی كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان-دا كۆبووەوە.

لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، بەها نوری وتەبێژی دەوڵەتی یاسا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و یەكێك لە سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی، لە سەردانەكەیدا بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات، داوایكردووە لایەنگیری نەكەن و پشتیوانیی لایەنێكی شیعی نەكەن دژ بە لایەنێكی تر.

ئاشكرایكرد، لە گفتوگۆ و دانوستاندنەكاندا داوایان لە لایەنە كوردستانییەكان كردووە بێلایەن بن و پشتیوانیی هیچ لایەنێكی شیعی نەكەن.

لەبارەی ئەوەی چەند ڕۆژێكە دەوترێت سەدر توانیویەتی ڕیزەكانی چێوەی هەماهەنگی پەرتبكات و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری لە چێوە بهێنێتە دەرەوە و هەر ئەوەش وایكردووە سەدر و عامری دوو بە دوو كۆببنەوە، بەها نوری وتی، “عامری وەك نوێنەری چێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوە و دانوستاندن لەگەڵ سەدر دەكات و بەهیچ شێوەیەك ڕیزەكانمان پەرتنەبوون”.

بەپێی وتەی ئەو، كۆبوونەوەیان لەگەڵ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر-دا، “مەبەست لێی لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانە لەبارەی پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەت وتووێژ لەگەڵ سەدر بەردەوامە”.

جەختیشیكردەوە كە “چێوەی هەماهەنگی یەكدەنگ و یەكگرتووە، هەموو لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوهەڵوێستن یان پێكەوە بەشداریی حكومەت دەكەن یاخود هیچ لایەنێكیان بەشداری ناكات”.

بابەتی پێشتر

کەشناسی: ئێستا بەرەی پێشەوەی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە گەیشت کە دەبێتە هۆی بەفربارینێکی زۆر

بابەتی دواتر

تاڵیبان داوا له‌ وڵاتانى ئیسلامى ده‌كات دان به‌ حكومه‌ته‌كه‌یدا بنێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share