ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق: سەدر و چێوەی هەماهەنگی لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانەوە ڕێككەوتوون

ڕۆژنامەی سەباح كە زمانحاڵی حكومەتی عێراقە، هاتنەئارای نیمچەڕێكەوتنێك لەنێوان سەدر و چێوەی هەماهەنگی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە ئاشكرادەكات و دەڵێت، عەلاوی زۆرترین چانسی هەیە ببێتە سەرۆك وەزیران.

جەواد پۆلانی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە ڕۆژنامەی فەرمیی حكومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە، “ناكۆكی لەنێوان چێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدردا هەیە بەڵام دۆزە ستراتیژییەكان ئاماژە بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی دۆخەكە و یەكدەنگی دەكەن، لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان سەدر و چێوەی هەماهەنگیدا هاتووەئاراوە و ئەوەش دروشمی چێوەی هەماهەنگییە بۆ هەموو هێزە سیاسییەكان”.

لای خۆیەوە لەیلا تەمیمی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە ڕۆژنامەی سەباح-ی ڕاگەیاندووە، ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان لە قۆناغی گفتوگۆدایە و چێوەی هەماهەنگی گەیشتووە بە لێكتێگەیشتنی باش لەگەڵ كورد و سوننییەكان، لەگەڵ ڕەوتی سەدریشدا لە وتووێژدایە.

ڕۆژنامەی سەباح ئاشكرایكردووە، هەردوو لایەنی شیعی (ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی) گەیشتوون بە نیمچە ڕێككەوتنێك لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەكە، هەردوو لایەنە شیعییەكە لەسەر سێ ناو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕێككەوتوون، دیارترینیان محەمەد تۆفیق عەلاوی-یە كە پێش كازمی كاندیدكرابوو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق كە وەك ڕۆژنامەكە دەڵێت، “لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا ئەو بووەتە خاوەنی زۆرترین چانس بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share