دادگای فیدراڵیی عێراق، كاری دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕاگرت و هۆكارەكەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیدا، “پێشێلكاری یاسایی و دەستووری” كراون.
بەپێی نووسراوێكی دادگای فیدراڵی كە كەمێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە، بڕیاردراوە كاری دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەیەكی كاتی ڕابگیرێت.
بڕیارەكە لەسەر داوای دوو پەرلەمانتار بووە كە دژی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و حاكم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا جێگرانی سەرۆك بەرزیانكردووەتەوە.
ئەو دوو پەرلەمانتارە كە باسم خەشان و مەحمود داود مەشهەدانی-ن، پێیانوایە یەكەم كۆبوونەوەی خوولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران كە تیایدا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەكەی هەڵبژێردران، “پێشێلكاریی یاسایی و دەستووری” بەخۆیەوە بینیوە.
ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەران یەكەم كۆبوونەوەی ئەم خوولەی خۆی ئەنجامدا و دوای سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانتاران، سەرۆكی ئەنجومەنەكە و هەردوو جێگرەكەی هەڵبژێردران.