چاوپێكەوتن.. ڕۆناڵدۆ ڕەخنەی لە یاریزانە لاوەكان هەیە

كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی و یاریزانی مانچستەر یونایتد بەدووری نەزانی ڕۆژێك لە ڕۆژان لە وڵاتی بەڕازیل یاریی بكات و داواشی لە یاریزانەكان كرد ئەوپەڕی توانای خۆیان بەكاربهێنن تا لەم دۆخە قورسە ڕزگاریان ببێت.

ڕۆناڵدۆ پێیوایە ئەم جیلە نوێیە ڕەخنە قبوڵناكات و هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیشی نادات.

زۆربەی قسەكانی ڕۆناڵدۆ

– بەرازیل وەك برای پورتوگالییەكان دەبینم، خوشكەكەم لە بەرازیل دەژی و شوویكردووە بە كەسێكی بەرازیلی، ڕۆژانە مامەڵەیەكی زۆر لەگەڵ بەرازیلییەكان دەكەم، ڕێزێكی تایبەتم هەیە بۆ ئەو وڵاتە.

– یاریكردنی من لە بەرازیل شتێكی نامۆ نابێت، كەس نەیدەزانی بە تەمەنی 36 ساڵی دەگەڕێمەوە بۆ مانچستەر یونایتد، بیرۆكەكە جوانە، نازانم، هەموو شتێك لە تۆپی پێدا ڕوودەدات.

– رانینگ پێویستی بە كاتە و متمانەم بەوە هەیە كە سەركەوتووبیت.

– خۆمان دەزانین كە تۆپی پێیەكی باش پێشكەشناكەین، لە هەندێك ڕووەوە لەگەڵ رانینگ پێشكەوتووین، ئاسان نییە گۆڕانكاری لە شێوازی یاریكردن و بیركردنەوەی یاریزانەكان بێتە ئاراوە، پێموایە ڕاهێنەر كارێكی گەورە دەكات.

– لە سەرەتاوە دەمانزانی كارەكەمان ئاسان نییە، ئێمە چووینەتە ساڵێكی نوێوە و دەبێت متمانەمان بەخۆمان هەبێت، هێشتا زۆرمان لەبەردەمدا ماوە

– لە ڕاستیدا گۆڕانكاری لە ڕاهێنەردا كارێكی ئاسان نییە، بەڵام من ئێستاش متمانەم بەوە هەیە كۆتایی وەرز بە ئەنجامێكی باشەوە بێینە دەرەوە

– دڵنیام لەوەی كە بە باشیی یاری ناكەین، بەڵام بە تێپەربوونی كات دۆخەكە دەگۆڕێت.

– مانچستەر یونایتد دەبێت لە پلەی یەكەمدا بێت، یاخود دووەم یان سێیەم، پێموانیە هیچ پلەیەكی تر شایستە بێت بۆی.

– دەبێت ئەو ئەقڵییەتەمان هەبێت كە بە هەموو پلەیەك قایلنەبین.

– دەتوانین كاری باشتر بكەین، دەتوانین شت بگۆڕین، بەڵام من هێشتا یاریزانم و ڕاهێنەر نیم تا گۆڕانكاری دروستبكەم.

– ئەم نەوە نوێیە ڕەخنە قبوڵناكات، خۆشم منداڵم هەیە و دەزانم چۆن بیردەكەنەوە، ئەگەر كەسێك هەیە ئامۆژگاریی من وەرناگرێت، تەنها كاری خۆی بكات و ئەوپەڕی توانای خۆی بەكاربهێنێت بەسە.

– من لێرەنیم بۆ ئەوەی پلەكانی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم بەدەستبهێنم، من لێرەم بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی ناسناو.

– ئەگەر ئەقڵییەتی كاركردنمان بگۆڕین دڵنیام زۆر شت بەدەستدەهێنین.

– گەڕامەوە بۆ مانچستەر یونایتد لەپێناو خۆشەویستیی یانەكە نەك پارە.

– پێویستە ڕێگەیەك بدۆزینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان، دەبێت ئەوە قبوڵبكەین كە ئێمە باشنین.

– كۆڵنادەم، چونكە كۆڵدان بۆ ئەوانەیە كە توانایان لاوازە.

– با ڕاستگۆ بین، ئایا لە پێنج شەش یاریی ڕابردووی مانچستەر یونایتد باش یاریمانكردووە؟ دەبێت كاركردن و شێوەی یاریكردنی خۆمان بگۆڕین.

– هەر یاریزانێك شكۆی هەیە، پێویستە ئەوپەڕی توانای خۆی بەكاربهێنێت، لە خۆمەوە دەستپێدەكەم، ساڵی نوێیە و دەبێت گۆڕانكاری زۆر بكەین.

– سەیری خۆم دەكەم و دەڵێم ڕۆناڵدۆ دەتوانیت چی زیاتر بكەیت و چی خۆت باشبكەیت؟ زۆر بەخێرایی ڕادەكەم لە كاتێكدا هاوڕێكانم ماندوون، پێویستە ڕابكەم لەپێناو هاوڕێكانم.

– پێویستە لەناو خۆماندا یەكگرتووبین و لەپێناو یەكتردا كاربكەین، بۆیە بەم یانەیە دەوترێت مانچستەر یونایتد، پێویستە لەكاتە قورسەكاندا پشتی یەك بەرنەدەین.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share