لە سلێمانی بارانبارین هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ساڵی ڕابردوو، بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری شارەكاندا هەیە.
لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێكی دیكەی باران شارەكانی هەرێمی گرتووەتەوە و بەپێی پێشبینییەكان چاوەڕوان دەكرێت كاریگەرییەكەی تا دووشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت.
بەهۆی بارانەكەوە بەیانی ئەمڕۆ لە چەند گەڕەك و شەقامێكی هەولێر لافاو دروستبوو، لەئاكامیدا پەروەردەی شارەكە تاقیكردنەوەكانی ئەمڕۆی دواخست.
لە سلێمانیش لە بەرەبەیانیەوە بارانبارین دەستیپێكردووە، ئاسۆ كەمال بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تائێستا لەناو سەنتەری شاری سلێمانی 146 ملم باران باریوە، بەراورد بەهەمان كاتی ساڵی ڕابردوو كەمترە كە 226 ملم بووە.
وتیشی، “شەپۆلەكە بەردەوامیی هەیە و بەپێی پێشبینییەكان سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری شار هەیە”.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسەكەی كەشناسی باسی لەوەكرد كە ئەوە پێشبینییە و كەشوهەوا بە چركە دەگۆڕێت.
پێشتر كهشناسیی هەرێم بڵاویكردەوە، ڕۆژى شەممەی هەفتەی داهاتوو بارستە هەواییەکى ساردى “سێبیری” ڕوو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانى گەرما زیاتر ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن.